من پێشبینیم نەدەکرد کە ڕۆژێک بێت ئەم وشانە بنووسم، پڕ لە سەرسوڕمان لە تووڕەیی و
بە بێ هیوایی زیاتر لەوەی ڕەخنە بێت . کارەکە ئەوەندە ئاسان نییە کاتێک مامۆستایەک کە لە
قوتابخانەکەی فێربووم و لە حیکمەتەکەی وانەم وەرگرتووە هەڵە بکات، ، بەڵکو پڕ ژان
وئازاربەخشە وەک ئەوەی رێڕەوە راستەقینەکەم لە دەست دابێت. مامۆستام، کامەران قەرەداغی یەکێک
بوو لەوانەی پشتم بە بیرۆکەکانی و ئەزموونە ڕاگەیاندنەکەی بەستبوو، و تێبینییەکانیم
کردبووە ڕێنیشاندەر لە ساڵەکانی فێربوون و کارکردندا، تا وای لێهات ناوی لە دیدمدا
هاوتای دانایی و ئارامی و هاوسەنگی بوو.
بەڵام بە سەرسوڕمانەوە لە بەردەم وتارە
دواییەکەی دەربارەی سلێمانی و سیاسەتی بەڕێوەبردنی دا وەستام. ئەوەی نووسیبووی لادانێکی توند بوو لەو ڕێبازەی
هەمیشە پێیدا ڕۆیشتبوو، شۆکێکی فکری و ئەخلاقی بوو کە ناکرێت بە ئاسانی تێیپەڕێنین.
کێشەکە لە ڕەخنەگرتندا نەبوو، بەڵکو لە گۆڕانی لەناکاودا بوو لە باز دانی بە خێرا لە کەنارێکەوە بۆ کەنارێکی دیکە، بەبێ پێشەکیی
لۆژیکی، و بەبێ دانپێدانان بەو مەودایەی نێوان ئەوەی پێی باوەڕی هەبوو و ئەوەی ئێستا
بانگەشەی بۆ دەکات.
مامۆستام ڕۆژێکیان پێی وتم کە گۆڕانە لەناکاوەکان
لە هەڵوێستەکاندا زۆرجار بەرهەمی ئاگرێکی هێمنن، کە بە هێمنی لە شاراوەییدا دەکوڵێن،
تا لەناکاو پێدەگەن. بەڵام ئەمڕۆ، خۆی پێچەوانەی بنەماکەی کرد. لەناکاو کەوتە ناو
گێڕانەوەیەک کە لەخۆی نەدەچوو، لە ڕەخنەگرەوە بوو بە پشتگیرو لایەنگر، بێ ئەوەی ئێمە
و ئەوانەی بە شوێن هەنگاوەکانیدا ڕۆیشتین، هەلێکمان بداتێ بۆ تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی
یان بیرکردنەوە لە پاساوەکانی .
کامەران قەرەداغی، ئەوەی ناسیمان لە گەنجێتیدا
چەپ بوو، پاشان کۆمۆنیست، دواتر نزیک لە تورکیا و ئۆزال، پێش ئەوەی کۆچکردوو مام جەلال
دەری بهێنێت و لە پێگەیەکی بەرزدا لەناو سەرۆکایەتی کۆماردا دایبنێت، هیچ کاتێک لە دیمەنەکەدا دەنگێکی ڕابوردوو نەبوو بەڵکو گۆشەیەکی
مەعریفی بوو، خاوەن دەنگێکی عەقڵانی. بۆیە گۆڕانی ئەم دواییەی ئازاربەخش بوو. مەسەلکە جیاوازی بیروڕا
نەبوو، بەڵکو واز هێنان بوو لە میراتێکی تەواوی هەڵوێستەکان کە هەمیشە وەک سەرچاوە
دادەنران.
ئەمڕۆ ئەم وشانەم بە هەستێکی پڕ لە
تاڵیەوە دەنووسم ناتوانم چیتر بێدەنگ بم. نەک لەبەر ئەوەی ڕەتی دەکەمەوە کە مرۆڤ هەڵوێستی
بگۆڕێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی باوەڕم وایە گۆڕانی ڕاستەقینە دەبێت لە پێداچوونەوەیەکی
ڕاستگۆیانە و شەفافەوە سەرچاوە بگرێت، نەک لە لادانێکی لەناکاو کە نە ڕوون دەکرێتەوە
و نە پاساو دەدرێت. ئەو ساتە ناچاری کردم بوەستم، چاو بخشێنمەوە و وشەی ماڵئاوایی
بە پیاوێک بڵێم کە وام دەزانی لای من هەر دەمێنێتەوە، مامۆستا تەنانەت کاتێک هەڵەش
دەکات.
بەڵام ئەوە ساتی ماڵئاوایی فکرییە، نەک
ساتی دوژمنایەتی. ساتی داخ خواردن لەسەر ڕێڕەوێک کە دەکرا هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ مێژووەکەی،
نەک پێچەوانەی. ماڵئاوا مامۆستام، نەک لەبەر ئەوەی لەبیرم کردووە چیت فێرکردووم، بەڵکو
لەبەر ئەو بابەتەی نووسیوتە ناچارم دەکات یادت بخەمەوە بەوەی ڕۆژێک باوەڕت پێی هەبوو...
پێش ئەوەی لەبیری بکەیت
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP