ئیمزاكردنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە كۆشكی كۆماری، ئەو شوێنەی كە (٣٧) ساڵ لەمەوبەر بڕیاری كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و كۆمەڵكوژكردنی خەڵكەكەی لێدرابوو، تەنها مەرسومێكی ئاسایی و رێكارێكی یاسایی و كارگێری نییە، بەڵكو مانایەكی زۆر قوڵ لەناو زامێكی سەخت و درێژخایەندا دەبەخشێت، چونكە هەر لەو كۆشكەدا، دیكتاتۆر و شۆڤێنییەك بڕیاری كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی لێدا، لەهەمان ئەو شوێنە و بەئامادەبوونی كەسوكاری شەهیدان، یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن كوردێكەوە ئیمزا كرا، كە ئەویش فەخامەتی سەرۆك كۆمارە. بەمەش ئیدی بەشێك لە زامی هەڵەبجە سارێژ دەبێتەوە و ئەو شارە پێدەنێتە قۆناغێكی دیكەی كارگێری، خزمەتگوزاری، یاسایی و مێژووییەوە، هەڵبەت دەرچوونی مەرسومی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی هەڵەبجەییەكان دەكات و خەڵكی شارەكە دەستكراوەتر دەبن، كە راستەوخۆ لەڕێی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندەوە خزمەتێكی زیاتر پێشكەش بە شارەكەیان بكرێت، بەتایبەتی لەڕێی حكومەتی ناوەندییەوە، چونكە كۆمەڵێك ئەركی سیادی دەچێتە ئەستۆیان و ماف و دەستكەوتی زیاتر بۆ هەڵەبجە دەستەبەر دەبێ.
بۆ هەرێمی كوردستانیش بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەستكەوتێكی گرنگی ماددی و مەعنەوییە، چونكە پێشتر لە (١٨) پارێزگای عێراق تەنها (٣) پارێزگا سەر بە هەرێمی كوردستان بوون، كە دەكاتە ١٦%، ئیدی بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ژمارەی پارێزگاكانی هەرێم دەبێتە چوار پارێزگا، كە دەكاتە ٢١%ی پارێزگاكانی عیراق و بەمەش لەرووی ماددی و مەعنەوییەوە گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.
سەبارەت بە سلێمانیش، كە لەرووی فراوانی سنوری جوگرافی و رێژەی دانیشتوانی پارێزگاكە و یەكەی ئیداری و كارگێری و ژمارەی (قەزا و ناحیە)وە پێشتر گەورەترین پارێزگا بووە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە لەدایكبوونی پارێزگایەكی نوێ لەناو هەناوی پارێزگای سلێمانی گرنگی خۆی هەیە و وا دەكات هەموو لایەك بۆ خزمەتی هەڵەبجە دەستكراوەتر بن و دەرفەتیش لەبەردەم پارێزگای سلێمانیدایە تا لە خزمەتی هەڵەبجە هاوكار بێ و وەك دوو دەستە خوشك هەماهەنگ بن.
ئێستا تۆپی خزمەت دەكەوێتە ساحەی هەڵەبجەییەكان و گرنگە سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرن و وەك چۆن ڤاتیكان تایبەتمەندی خۆی پاراستووە و ناخوازێ چاو لە هیچ وڵاتێكی جیهانی بكات و هەڵگری پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلان و ئایین و مەزهەبەكانی جیهانە، بەهەمان شێوە گرنگە هەڵەبجەییەكان تایبەتمەندی پارێزگای هەڵەبجە بپارێزن و چاو لە هیچ پارێزگایەكی دیكەی هەرێم و باشور و ناوەڕاستی عیراق نەكەن و خەڵكی هەڵەبجە هەڵگری پەیامی پێكەوەژیان و سەقامگیری و خزمەتكردنی شارەكەیان بن، بەم رێبازە دەتوانن هەڵەبجە وەكو پایتەختی ئاشتی و ئارامی هەرێمی كوردستان و عیراق بناسێنن و بەو تایبەتمەندییە هەڵەبجە بكرێتە سەرچاوەیەكی گرنگی گەشتیاریی هەمەجۆر لە هەرێم و هەموو عیراق.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP