وادەی زاخاوی خەباتی نیشتمانییە

سەروتار
09:59 - 2025-07-13



(زاخاوی خەباتی نیشتمانیی) بۆ؟ 


بۆچی گرنگە ئێستا دوای دەركەوتنی ئەم هەموو كێشانە، هانا بۆ (زاخاوی خەباتی نیشتمانیی) ببەین؟
لەبەرئەوەی، كێشەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بوون بە قەیرانی سەرتاسەری و هەموو جومگەكانی نیشتمانەكەمانی گرتۆتەوە. ئەركی هەمووانە بە خەڵك و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی شارستانی، بە دەستەجەمعی بچینە ژێر بار و خەباتی راستەقینە بكەین لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە بەبێ خەباتی نیشتمانیی و بەبێ ئیرادەی پۆڵایین و بەرنامەی تۆكمە و زانستیی، بەبێ متمانە و پشتیوانیی خەڵكی كوردستان مەحاڵە  هەرێم لەم رێ ترسناك و هاتونەهاتە رزگاری ببێت.
خەباتی بەردەوام بۆ چاكسازیی و حوكمی رەشید و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتداریی لە هەرێمدا، ئەركی پیرۆز و نیشتمانیی هەموو تاكێكی هەرێمی كوردستانە بەبێ جیاوازی.
لەوانەیە بگوترێت ئایا نەدەكرا ئەم بانگەوازە پێشتر بكرایە؟ دەڵێین راستە دەكرا، بەڵام ئێستاش نەچووە بچێت و دەرگاكە بەتەواویی لە گرێژنە دەرنەچووە و هێشتا هەر بەدەنگەوەهاتنی درەنگوەخت باشترە لە بێدەنگی!
بێگومان هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵێك كێشەی دارایی و سیاسی و كۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت، كە ئەمەش زادە و دەرئەنجامی سیاسەت و هەڵسوكەوتی ناتەندروستی ساڵانێكی هەموولایەكمانە، بەتایبەتیش  لایەنە  سەرەكییەكانی گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان و عیراقی فیدراڵی، زادەی سیاسەت و هەڵسوكەوتێكە، كە یەكەمجارنییە لە سۆنگەیەوە كوردستان دووچاری كێشە و قەیران دەبێتەوە.
خۆ ئەوەش مەعلومە كە مێژوومان پڕە لە كارەسات و مەینەتی و دەردەسەریی، بەڵام میللەتەكەمان لە هەموو دۆخ و رۆژە دژوارەكاندا، هەردەم خاوەنی ئیرادەی پۆڵایینی خۆی بووە و زۆربەی جاریش دوای گلان و نوشوستەكان، زوو هەڵساوەتەوە.
زانایان فەرموویانە: هەر كێشەیەك لەگەڵ سەرهەڵدانیدا چارەسەریش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ، هونەر ئەوەیە تۆ بتوانیت چارەسەرەكە لە هەناوی كێشەكەدا بدۆزیتەوە.
لەڕاستیدا درككردن بە كێشەكە و قسەوباس لەسەری و دانانی پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی، ئەمە خۆی لەخۆیدا نیوەی چارەسەركردنی كێشەكەیە. لەسەر بنچینەی ئەم راستییانە، ئێمە وەك راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە زنجیرەیەكدا؛ سەروتاری كوردستانی نوێ بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەكەین، بۆ ئەوەی هەنگاونان لە دۆخی سیاسیی ئاڵۆزی ئێستادا، بە دەردی هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی ئەنجامەكەی ریفراندۆم نەچێت، كە تائێستاش بە هۆی هەنگاوی ناڕێك و پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە سەرەكییەكانەوە، خەڵكی هەرێم باجەكەی دەدات. هەر بۆیە بۆ چارەسەری قەیرانە قەبەكانی ئەم قۆناغە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، پەرۆشانە قۆڵی بەرپرسیارێتی لێ هەڵبماڵن و  بەشداریی راستەقینەی پرۆسەكەبن و دوور لە موجامەلە و موزایەدە، بە ئەركی راستەقینەی نیشتمانیی خۆیان هەستن.
هیوادارین ئەم كۆششەی ئێمە كە لە سایەی پەرۆشیمانە بۆ هەرێم و خەڵكەكەی، ببێتە مەڵۆیەك بۆ سەر خەرمانی خەبات و تێكۆشانی بەرپرسیارانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئامانجی پاراستنی هەرێم و دەستكەوتەكانی شۆڕش و راپەڕین و خزمەتكردنی خەڵكی زەحمەتكێشی وڵاتەكەمانە.
ئێمە لە راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەپێناوی سەرخستن و سەركەوتنی ئەم دەستپێشخەرییەدا، چاوەڕوانی بەدەنگەوەهاتنی هەموو لایەنەكانی سەر گۆڕەپانی عیراقی ئیتحادیی و هەرێمی كوردستانین، هەتا ئەوانیش لە دیدی خۆیان و بەرژەوەندیی گشتی، بێنە پێشەوە و شەریك و بەشدار بن لە سەرخستی ئەم پرۆژەیە كە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك و پرۆسەی سیاسی دەكات و رۆحی شەهیدان شاد دەكات و رێگە دەگرێت لەوەی رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگە و تێكۆشەران و رۆڵە دڵسۆزەكانی گەلەكەمان بەفیڕۆ بچێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP