ترس خوویەکی نەرێنی دروستکراوە تاک ڕاستەوخۆ بێ گەڕانەوە بۆ پێوەرو بنەما ئەرێنییەکانی ژیان دەیخاتە هزرو ڕۆح و جەستەیەوە.
ئەم ترسە ئامانجەکانی پەک ئەخات و لێڵی و تارماییەکی بێ واتا، لە خۆڕا بۆ هەنگاوەکانی ژیانی دروستدەکات و سەرەنجام ئامانجەکانی هەڵدەوەرێنێت.
بۆچی ترس بوونی هەبێت لەکاتێکدا مرۆڤ توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەبێت؟
بۆچی ترس شکستمان پێبێنێت لەکاتێکدا هێزو هەوڵدان هەبێت؟
بۆچی ترس ڕەشبینی و نائومێدی لە ناخماندا بچێنێت لەکاتێکدا خەیاڵ و هیوای جوان و داهێنان هەبێت؟
ئاساییەو سروشتییە هەموو مرۆڤێک لە کات و قۆناغەکانی تەمەنیدا ترسی بۆ چواردەوری و ئەوانەی لە دەوروپشتیدا هەن و دەگوزەرێن، هەبێت.
بەڵام تەنیا بەو جۆرە گشتییەی هەیە، نەک بەو جۆرەی بەهۆیەوە تووشی دواکەوتن و داڕمان و فشاری هەڵچوونی دەروونیی بێت، چونکە ئەمەیان مەترسیدارە تا ئاستێکی نادیارو ناڕوون.
ترسی دەروونیی هەموو بەها باڵاکانی خودێتیی تووشی قەیران و کاڵبوونەوە دەکات، داهێنان تووشی پووکانەوە دەکات.
کار لە هەستەکان دەکات و چێژی ژیان تاڵ دەکات و هەوڵدان بۆ سەرکەوتن بەسەر هەورازو نشێوەکان بەرەو ئیفلیجبوون دەبات.
بۆیە کارو کاردانەوەکان نابێت نەرێنی و ناڕەوابن
پێویستە تاک پێشئەوەی ترسی دەروونی و جەستەیی لا پەیدابێت، ئاراستەکان و پێوەرەکان بەجوانی بەکاربهێنێت و پاک و پیسیی خوو و خەم و خەیاڵە ڕەشەکانی بکات، تا ڕێگرییەکان نەبنە تەم و تەنگەژە لەسەر ژیان و ئاسۆی داهاتووی.
چی وادەکات ترس دروستبێت و کاریگەریمان لەسەر بونیادبنێت؟
(متمانەبەخۆنەبوون، هەوڵنەدان، تەمبەڵیی، نائومێدیی و ڕەشبینی هەموو ئەمانە وادەکەن ترسی جەستەیی و ڕۆحی) دروستبێت.
چۆن بتوانین ئەم تارمایی و بارگرانییە بکەینە ئاسۆو دەرچەیەکی ڕووناککەرەوە ؟
ناکرێت و نابێت تاک بێدەربەست و بێباکبێ لەئاست ژیان، بەو پێیەی تواناو هێزو بازوویەکی بەهێزو پڕ وزەی هەیە، دەبێت بیخاتە کارو، پلان و پرۆژەو پەیڕەو بکاتە ڕێنیشاندەری و بەها بۆ بەهاکان دابنێت،
بەهەندوەرنەگرتنی کات و کارامەییەکانی
تاک دەبێت نرخی هەر سات و کات و وێستەگەیەکی ژیانی بزانێت
نەقۆستنەوەی هەل و دەرفەت و لێهاتووییەکانی کە دەبێت هەمووکات پەی پێ ببات، وادەکات زۆر بوارو ئامانجی لەدەستبدات.
ڕاو ڕووانینی بە پەرۆشیی و بە تاسەوە، حەسرەتی چاوەڕوانیی و دوودڵیی و چانسی ئەگەرو لێکدانەوە ئاڵۆزاوییەکان کورت تەمەن دەکات.
ئاوازو ناڵەو هاوارەکان بە ئاراستەی داهاتوویەکی ڕوون دەبەن.
هێز ئەو پاڵنەرە ڕۆحییەیە کە ئاسەواری دەستەواژەی نەتوانین لە فەرهەنگدا ئەسڕێتەوەو سەرنگومی دەکات.
دەتوانین سوود لە هێزی خودێتیی خۆمان ببینین و بیخەینە خزمەت هەنگاوو ئامانجەکانمانەوەو کۆشش و هەوڵدانی پێ پەیدا بکەین.
هیواو ئومێد گەر هەبن، هەرگیز ترس بوێریی ئەوەی نابێت ناخەکان داڕمێنێ و بەرەو هەڵدێری ببات.
ڕەسەنایەتیی لە ڕەوتارو مامەڵە، ئەو جۆرە هیواو ئومێدە پۆڵایینە ئەخوڵقێنێت و تامێکی پڕ چێژی ژیانت پێدەبەخشێت.
ئەم هەموو خوو و ڕەوتارە ئەرێنییانە هەبن ئیدی بۆچی ترس کە ناوێکی بچووکە ببێتە تەم و خەم و تارماییەکی گەورە لەژیانمان؟
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP