ئاشتی بە قەدەر شەڕ قورسە و بەقەدەر ئەویش قوربانی دەوێت.
ئاشتی نەبەردییەکی ستراتیجی و دوور مەودایە و نەفەسی درێژ و سەبری ئینقلابی گەرەکە.
لەم رێگا سەختەدا کە وەک رێی ئاوریشم و کاکێشانی ژیری و دیالۆگی ئازا و پێچاوپێجی دانوستاندن ئاسان و دڵنشین دەردەکەوێت، سەبر سەبر دەزانی چەند دژوار و زەحمەت و چەند جەنەڕاڵی شەترەنج و چەند فەرماندەی ئەندێشەو هزر دەخوازێت.
ئاشتی جەنگی هیلاکی نێوان بەڵگە و فاکت و دیکۆمێنتە، ململانێی نێوان و لەگەڵە. هەندێک جار وەک ئەوەیە یەک تیم بیت و هەندێک جاری تر وایە کە دەپرسی بەرامبەرەکان بۆ هاتونەتە پای سەلماندن و دانپیانان و داخۆ کە شەڕ درێژە کێشانی سیاسەت بێت بەمانایەکی تر ، ئەی سیاسەت شەڕ و کێجەڵی کام دانوستاندن بێت کە بە بنبەست گەیشتووە و قەرارە بە قسە و نەقلی نوکتە و خۆگیفکردنەوەی بەهێزەکان تەکانێکی نوێی پێ بدرێت.
ئاشتی مەشقی نێوان ئەندێشە و سۆزی بەرامبەرە و تێکەڵ دەبێت لەگەڵ ڕاستی تاڵی بێ ئاکامی درێژەکێشانی شەڕی ناڕەوای دەوڵەت دژی میللەتی بندەست.
ئاشتی پاداشتە بۆ ئەوانەی سەبریان تاقیکراوەتەوە و دانپیانانە بەو ڕاستیەی بۆیە ماون چونکە خۆراگر بوون و پرسەکەیان ڕەوایە.
ئاشتی هیلاکییە و چەند خولی بێ هیوایی و چەند جاری تێهەڵچوونەوەیە.
ئاشتی وەک کەرنەفاڵ وایە فراوان و رەنگاورەنگ و فەرحناییە بۆیە خاوەنی زۆر و زەوەندە و ئامۆژگاری فرە و کۆمنیتاری بێکۆتایە. شەڕ ئیشی حەریفە زبرەکانی شەڕە هەر خۆیان لێی دەزانن ئەگەرچی کاری ئیشیان بەسەر هەزاران هەزار کۆمەڵانی خەڵکدا قڵپ دەبێتەوە.
رێی ئاشتی لە باکوور و تورکیا زۆری بڕیووە و زۆرتریشی ماوە، خەباتگێڕ (سری سوریا ئوندەر) ئەم تورکمانە ئەنادۆڵییەی ئەمرۆ چەکەکەی دانا و پشووی یەکجارەکی دەستپێکرد شایەتی و شەهیدێکی ئازا و بەجەرگ و ناوداری ئەم رێگایەیە.
ئەم هەفتەیە لە ئەستەمبوڵ دەینێژن و سڵاو و درود بۆ رۆحی پاکی دەنێرن. گوڵ لەسەر مەزارەکەی بۆن و بەرامەی قەدرزانین دەبێت و ئینجا گەڕێکی تری رێی ئیمراڵی دەست پێدەکاتەوە.
ئەمە وێستگەیەکە و رێگاکە دوورە و شەڕەکە خولی تری هەس.
هەر شەڕ بریندار و تەلەف وقوربانی نییە ، ئاشتیش وایە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP