قەندیل کە بە جوگرافیا سەختەکەی و کەش و هەواکەی ناسراوە، چەند دەیەیەکە قەڵایەکی بەهێزی پارتی کرێکارانی کوردستانەو ئەو پارتە وەک مەڵبەندێکی سەربازی و راگەیاندن و کارگێڕی بە کاری دەهێنێت. هەموو کەسیش دەزانێت ئەوەی لە قەندیل جێگیر بووە زۆر زەحمەتە لەو شوێنە هەڵبکەنرێت، نەک تەنها بەهۆی جوگرافیاوە، بەڵکو بەهۆی تۆڕە سەربازی و رێکخراوەییەکانەوە، کە پەکەکە لەوێ بوونی خۆی لەسەر بینا کردووە، ئێستا لەگەڵ خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە، پرسیارێکی مەترسیدار و رەوا خۆی زەق دەکاتەوە، کێ ئەو بۆشاییەی ئەم پارتە لە قەندیل پڕ دەکاتەوە؟.
ئەوەی ناکرێت پشتگوێ بخرێت ئەوەیە، قەندیل تەنها چیاێکی بەرز نییە، بەڵکو ناوچەیەکی ستراتیژییە لە سێگۆشەی سنووری نێوان عیراق و ئێران و تورکیا، کە درێژ دەبێتەوەو دەشێت چاوی هەموو ئەوانەی لەسەر بێت کە بەدوای پێگەیەدا دەگەڕێن دوور لە چاودێری نەریتی دەوڵەتان، نەمانی پەکەکە لەم ناوچەیەدا بۆشاییەکی گەورە دروست دەکات، نەک تەنها لەڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لەڕووی کۆنترۆڵ و بەرگری و هاوسەنگی ئێستاوە.
ترسی گەورە لەوەدایە، رێکخراوە جیهادییە توندڕەوەکان ئەم بۆشاییە بقۆزنەوە، لە نمونەی داعش، تۆپۆگرافیای شاخاوی ناوچەکەش ژینگەیەکی نموونەییە بۆ خۆشاردنەوەو دووبارە خۆرێکخستنەوە و پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ناوخۆی عیراق، هەروەها بۆ سەر هەرێم و تورکیا و ئێرانیش، داعش سەرەڕای ئەو گورزانەی لێی دراوە، هێشتا خاوەنی خانەی نوستووە و شارەزایی زۆری شەڕی هەیەو بەدوای پێگەیەکی نوێدا دەگەڕێت.
بۆشایی لە قەندیل تەنها بابەتێکی ناوخۆیی نابێت، عیراق رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی نوێ دەبێتەوە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێم و باکوور عیراق بەگشتی دەکات، بەتایبەتی نەینەوا و کەرکوک، لەکاتێکدا ئێران دەترسێت گروپە چەکدارەکان دزە بکەن بۆ ناو سنوورە خۆرئاواییەکانی، تورکیاش بەهۆی بوونی پەکەکەوە هەمیشە وەک هەڕەشەیەک سەیری قەندیلی کردووە، لەوانەیە خۆی لەبەردەم مەترسییەکی زیاتر و ئاڵۆزتردا ببینێتەوە ئەگەر داعش یان گروپی هاوشێوە دزە بکەنە ئەم ناوچەیە.
هەرێمی کوردستانیش رووبەڕووی هەڕەشەیەکی نوێ دەبێتەوە، بەهۆی ئەو کەلێنە شاخاوییە چونکە کۆنترۆڵکردنی زەحمەتە.
ئەوەی سەیرە سەرەڕای گرنگی ستراتیژی ئەم ناوچەیە، تا ئێستا تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی نەناوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، یان رێگرتن لە دزەکردنی هێزە توندڕەوەکان بۆ ناوچەکە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، رەوشەکە هێشتا لە قۆناغی چاوەڕوانیدایەو هیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ نییە، ئەم دۆخە پرسیارگەلێکی زۆر لەسەر ستراتیژی وڵاتانی ناوچەکەو پلانی داهاتوویان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە دروست دەکات.
ئەگەر پلانێکی ورد و خێرا بۆ قەندیل دانەنرێت، لەوانەیە بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، پێویستە هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی بەغداد و هەولێر هەبێت، بەبەشداری کارای وڵاتانی دراوسێ، بۆ دانانی رێکاری ئەمنیی کە رێگری لە دزەکردنی هەر هێزێکی توندڕەو بۆ ناوچەکە بکات، رۆڵی سەرەکیش بدرێت بە هێزی ناوخۆیی یان پێشمەرگە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی حکومەتی فیدراڵی و بە پشتگیری نێودەوڵەتیش، بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەو رێگرتن لەوەی ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە.
لە ئێستادا کشانەوەی نا رێکی پەکەکە لە قەندیل و بەبێ پلان، وەک کردنەوەی دەرگایەکە بەسەر ئاژاوە و تیرۆردا، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستپێشخەری نەکەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە بەشێوەیەکی حەکیم و بەرپرسانە، لەوانەیە قەندیل ببێتە "تۆرابۆرا"یەکی نوێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونکە بۆشایی لە جوگرافیای ئەو ناوچەیە بۆ ماوەیەکی درێژ نامێنێتەوەو رەنگە چەک و توندوتیژی و ئاژاوە پڕی بکاتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP