کۆتاییەکەی کراوەیە ، چونکە زۆری ماوە

ستران عەبدولڵا
15:30 - 2025-05-18

کاروانێکی پەنجا ساڵییە و هەدادانی بۆ نییە. لە هەندێک دەرفەتی ساف و بێگەردی ئاسمانی رەوتی گەشەدا وەک ئاوی سازگار رێ دەکا و دەڕوا و روباری حەیاتە بۆ تینوێتی خاک و پەکی خەڵک و ئاسۆی لێڵی داهاتوو.
لە هەندێک بەربەستی رێ و تەنگەتاوی رۆژگار و شەوەزەنگی تەقویم و ساڵنامەی کەیفسازی داگیرکەراندا زگزاک و بە تاو و تاسەیە. بە توڕەیی و تەکان و گوڕ خواردنەوە ڕێگا بۆ خۆی و رەوایی پرسەکەی دەکاتەوە.
ساحێبی مەسەلەیە و هەمیشە ئامادەی نەبەردی و نەبەزین و نەسرەوتنە.
هەرچی بۆ گەلەکەمان باشە و پێویستە و هەرچی بە کوردی و کوردستان دابین دەبێت دایمە و دەرهەم مەسەلەی یەکێتی و خەمی ئەو بوو.
پەنجا ساڵ کە بە حوکمی دوورودرێژی زەمانە و رۆژگاران پێچی مێزەرێکە، بەڵام بۆ خاک و خەڵکی کوردستان، بۆ عومری ناهەمواری نەتەوە بندەستەکان سەدەی بێ رەحمی و سەدای بەرپەرچدانەوەی زوڵم و ستمی مێژووە.
لەبەر ئەوەیە پەنجا ساڵ بۆ تێکۆشانی کوردایەتی هەر یوبیلی زێڕین نییە،بەڵکە یادی ئەڵماسی سەدەیەک هیلاکی کوردە.
کوردستان لە دێر زەمانەوە هەیە، نیشتمانپەروەریش هەروا لەگەڵ هەواو هەناسە و هەڵسان نەشونما دەکات، کوردەوایش ئێ دیارە خودناسین و پێکەوەیی و پێکەوە هەڵکردنە ، کوردایەتیش خوێن و فرمێسکی ڕشت تا کامڵ و پێگەیی ، ئەمما گردکردنەوەی گشتی ئەمانە لە گوشراوەیەکی ئازار و ئازایەتی و ئازادیدا ئەمە زەمان و زەمین و زەمانەت و مسگۆری تاقیکردنەوە و ژیری گەرەک بوو . کوردایەتی نوێباوی پێویست بوو ، یەکێتیی هات و ئەمانەی لەیەک کۆکتێلی مزر و تیژدا دابینکرد.
پەنجا ساڵی پێش هاتنی وەک پرۆڤە و مەشق وراهێنانی کردارەکی بوو، بڕنەوی کوردایەتی چاوی گرژ و تیرئەنداز دەکرد ، بە تیلەی چاو گەرەکی بوو ئامانج بپێکێ و زرمەی لێ هەڵسێنێ. ماوەیەک باسک و بازوی پتەو دەکرد تا ئەگەر مام جەلال بڕیاری دا و رەفیقەکانی تەدارەکیان تەواو کرد کڵپە و بڵێسەی لێ هەستێنن.
ئەمە کورتە چیرۆک تێری ناکاو نۆڤلێتیش لە ئاستیا شەرمەزارە ، سێینەش دەتوانێ تەنها فریای تەمەنی پێش راپەڕینی بکات،
ئەمە داستانی سەدەیە و رەنگە چەند نەوەیەک لە نۆبڵ وەرگران لە عۆدەی بێن ، رەنگە.
بەو حاڵەشەوە ئەم داستانە ڕانەوەستاوە و کۆتاییەکەی کراوەیە، کراوەیە تا کورد دەگاتە دوا مەنزڵی چارەنووس.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP