نەوەکان لە پەنجا ساڵەی یەکێتیدا

ستران عەبدولڵا
17:24 - 2025-05-20

سات و ساڵی دروست بوونی یەکێتی دەیان تێکۆشەری تەمەن جیاجیای گرتبووەخۆ ، لە بیست ساڵ بۆ پەنجا ساڵ سەروتریش. لەگەڵ درێژی رەوتی تێکۆشانی یەکێتی تەمەن بۆ خوارتر و بۆ سەروتریش هەڵکشا. خوار بیست ساڵ تا پانزەی خوێندکاری خوێن گەرم ، سەروی پەنجاش بۆ هەشتا ساڵی.

ئەم دوو باڵی تەمەنی خوارو ژووریش لە وێستگەی پەنجا ساڵی کاروانی یەکێتیدا یەکیان گرتەوە و بوونە رەوتێکی بەرجەستە کە بەسەر دوو سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەکدا دابەشن.چارەگی لە سەدەی بیست و چارەگی دوایی لە سەددەی بیست و یەک.

چەندان دەیە و چەندین وێستگەی خەبات و ژیان و مان و نەمان، شەهادەت و ئیفادەی خەبات، هەر هەموویان ئەزموونی تیووری نین لە تاقیگەدا، بەڵکە ئەزموونی گۆشت و خوێنن لە مەیدانی کوردایەتی و لە ژینگەی کوردستان و دەوروبەرەکەیدا، چەندین نەوە لە نەوجەوانی بەختیار تا قاڵبووی پیر و ئیختیار هەموویان وەختێک دەستیان پێکرد خاوەنی ئەندێشەی جیا و دیدی لێکنەچوو بوون کە حەتمەن یەک ستراتیژی دوورمەودا یەکی خستوون، ستراتیژی یەکێتی بە بەرنامەکەی و ئەوی ناوی نرابوو (یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆچی؟ ) بۆ وەڵامی یەک پرسیار هاتبوون بەڵام خۆ دیاریشە لە شوێن و ژینگەی جیاوە هاتبوون، بە سواری و بە پیادە و بە قیادەوە ئیشیان وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە خەباتگێڕانە بوون. ئەو ستراتیژە دوورمەودایە هەر یەکی نەخستن لەدەوری خۆی ، بەڵکو تێکی شێلان و تێکەڵی کردن، کردنییە خاوەن یەک یادەوەری و یەک تەکنیکی ژیانی ڕۆژانە کە بەهەموو وردەکاری و خوو وخدەی جیاوازەوە هەر سەرەنجام رەنگی جوانی یەکتریان گرت و وەک سیما و سەلیقە ئاوێتەی پێکەوەی کردن.

جیاوازی روانین و جیایی دیدگای نەوەکان هەر بۆنە و دەرفەت نەبوون بۆ بەریەککەوتن و ململانێ،؟ بەڵکو واش بوو کە لەگەلێک وێستگەدا چانسی زۆر و زەبەندە و رووداوی فرەیان تاقیکردەوە و پەراوێزی زۆریان بۆ هەلی راست و هەڵە راستکردنەوەیان بۆ دابین بوو.

نەوەکانی ناو یەکێتی بەم دەستنیشانکردنە بێت قەتیسی پەنجا ساڵەکەی نین، بەڵکو پەخش و پەرێشانی ئەزموونەکانیین.

لەناو ئەم خەریتە پان و پۆڕەدا رێبەری ڕێکخستن و رابەری سیاسی، فەرماندە و پێشمەرگە، رێکخستن و جەنگاوەر ، سەرکردە و بنکەفراوان، جەماوەر و دەنگدەر، ئەندام و گوڵەندام (بە قەولی شەهید شازاد سائیب) کچان و کوڕانی ئازا، ژنان و پیاوانی بەجەرگ، خوشکان و برایانی وەفادار، باوک و کوڕی دڵسۆز و تەنانەت باپیری بە ورە و هیمەت هەبوون، هەروەها وەکو وانە و دەرسی بەلیغ و رەوان و بەرینی ژیانیش کەمێک لادەر و ماندوو و تاقەت چووش هەر هەبوون کە ئیشی سوڕی ئەم ماشێنە ئەوە بوو کاروان راست و دروست و تەندروستەکە لە هێڵی گشتیدا زیان کەم بکاتەوە،بە کەمترین زیانەوە لادان و لەرێ لاچوون ئیحتوا بکات،ئیتر ئەمە شەمەندۆفەرە و وێستگەی دوور و درێژی هەیە، هەڵبەتە نەفەسی دوور و درێژیشی گەرەکە.

هەمیشە لەم واقیعە کەمێک تاڵە و لەبەردەم ئەم راستییە ناخۆش و جار بە جار زاڵە پاوەرە گەورەکەی هێزی مەعنەوی و مۆڕاڵی بەرزی مام جەلال و پاوانە راست و دروستەکەی رەوتی خەبات هەبوو و هەیە تا زامەکان ساڕێژ بکات و برینەکان ، لە جێی کولانەوە ، بە فەرامۆشی و لێبوردەیی بسپێرێت.

نەوەکان لەم ناکۆکییە لاوەکی و دۆستانەدا ، بە تەفسیری ماوچی تۆنگ هەمیشە ناکۆکییە سەرەکییەکەیان وەپێش دەخست ، کە ئەسڵی نەبەرد و خەباتە دژی نەیاری کورد و دوژمنی کوردستان.

بۆیە لەم رێڕەوەدا وابوو کە نەوەکان دەورانی دەرکەوتن و گەشانەوە و کزبوون و ئاوا بوونیان دیتووە، کە ئەوە سوڕی ژیانە بۆ تاک و کۆمان ، بەڵام هەمیشە ئەوەی گەشاوەی بەردەوام و شایستەی سەرەکی مان و نوێبوونەوە بێت هەر و هەمیشە چوارچێوە بنەڕەتییەکەیە کە یەکێتی و ئیرادەکەیەتی، کە ئامراز و ئامانجەکەیە.

دیارە ئەمانەش کە ئەزموونی مرۆڤەکانن کە وابێت لە گۆشت و خوێن ، رەنج و فرمێسک، ئارەق و تین دروست بوون.

ئێستا کە روومان لە بیرەوەری پەنجا ساڵەیە قەت پێمان وانییە نەوەکان لە جوڵە کەوتوون، یاخود ناکۆکی پێکەوەییان سڕ و سست بووە، ناکۆکی هەرماوە و هەر دەشبێ ناکۆکی لاوەکی بێت لەهەمبەر ناکۆکی سەرەکی کە ئەسڵ و فەسڵی هاتنە کایەی یەکێتییە.

ناکۆکی سەرەکی لەگەڵ نەیارانی ئامانجە گەورەکە (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین)
جا هونەری گەورەو گران لە ئیدارەدانی نەوەکان و لە تەگبیری هاوسەنگی نێوان هەردوو ناکۆکییەکەیە.

تا ئێستا باشی هێناوە، باشتریش دەبێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP