لەکەرکوکەوە بۆ غوێران.. داعش دەرگای گرتووخانەکان دەشکێنێت

عیماد جەباری
23:41 - 2022-01-22

لەکەرکوکەوە بۆ غوێران.. داعش دەرگای گرتووخانەکان دەشکێنێت

پێش کەمتر لەمانگێک هەواڵگری سەربازی کەرکوک پیلانێکی داعشی پوچەڵکردەوە بۆ هێرشکردنە سەر بەندیخانەی گرتن و گواستنەوەی شارەکە کە بەنیازبون بەتەقاندنەوەی خۆکوژێک هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵ بکەن و دواتر لەگەڕەکی حەمزەلیەوە کە هەموو ئامادەکاریەک کرابوو پەلامارەکە بدەن و لەپشتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە گرتوخانەکە بشکێنن و لەو گەڕەکەدا خۆیان حەشاربدەن.

بەڵام دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەپلان داڕێژەرانی پیلانەکە وایکرد هەوڵەکەی داعش شکستبهێنێت.

ئەوەی لەدوو رۆژی رابردوودا لەگرتوخانەی غوێرانی شاری حەسەکە رویدا هەمان پیلانی شکاندنی گرتووخانەکەی کەرکوک بوو.

غوێران پێشتر دەزگایەکی حکومەتی سوریابوو لەپارێزگای حەسەکە و کەوتووەتە سەنتەری شارەکە و بەدەوریدا کۆلێژی کارگێڕی و ئابوری و کارگەو شوێنی نیشتەجێبون هەیە.

کاتێک ناوچەکانی دێرزور لەلایەن هەسەدەوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە، ئەو شوێنە کرایە گرتووخانەی غوێران و تەواوی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لەوێدا بەندکران کە ژمارەیان 5 هەزار بەندکراوە.

یەکێک لەهەڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا هەڵبژاردنی ئەو شوێنەبوو وەک گرتووخانە چونکە هەڵکەوتەی جوگرافی گرتوخانەکە کەوتووەتە سەنتەری شارەکەو لەنێو چەقی قەرەباڵغی خەڵکی مەدەنیدایە.. کە هەمیشە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو دەبینرا.

نێوان گرتووخانەی غوێران و کەمپی هۆل تەنها 40 کیلۆمەترە و ئەوەش وایکردووە مەترسییەکان زیاتربن.

پێش 10 رۆژ لەرووداوەکە، کارمەندێکی خاجی سوری کوردی لەنێو کەمپی هۆل لەلایەن شانە نستۆکانی داعشەوە کوژرا و لەهەمان تەوقیتدا تیرۆریستە بەندکراوەکانی غوێران لەنێو گرتووخانەکە مانگرتنیان دەستپێکرد.

بەداخەوە کەمتەرخەمی و خیانەت وایکرد چەقۆ و ساتورەو دەمانجە و مەقەسی قوفڵ شکاندن بگاتە نێو گرتووخانەکە.. دواجار غوێران شکێنراو ژمارەیەک لەپاسەوانەکان هەر بەچەقۆو ساتورە شەهیدکران و هەڵاتۆکانیش خۆیان لەکۆڵانەکانی حەسەکەدا ونکردووە.

لەنێو ئەو گەڕەکانەی بەدەوری گرتووخانەکەدان جکە لەکورد، ژمارەیەکی زۆر خێزانی عەرەبیش نیشتەجێن کە لەعەشیرەتەکانی جبورو دلێم و عەگێداتن.

لەنێو ماڵەکاندا شانەی نوستوو هەبوەو جلوبەرگ و چەکیشیان بۆ ئامادەکردبون ئەوەش وایکردووە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە قورس بێت.

لەئێستا هێزەکانی یات و هات و هێزی تایبەت و یەپەگەو هەسەدەو مارێنزی ئەمریکی بەتانکەوە لەشارەکەدا روبەڕوی هەڵاتووەکان بونەتەوەو دەیان کەسیان لێ کوژراوە.

بەپێی نوسراوێکی هەواڵگری عێراقیش، مەبەستی داعش لەشکاندنی گرتووخانەکە، دزەکردنی تەواوی ئەو هەڵاتووانەبوە بۆ عێراق تاوەکو ریزەکانیان رێکبخەنەوە.

لەپاڵ شەڕی تیرۆردا.. خەڵکی مەدەنی دووچاری شەڕێکی ئابوری تاقەت پروکێن بونەتەوەو تەنانەی زۆربەیان خانۆکانیان دەفرۆشن و رۆژئاڤا بەجێدەهێڵن.. ئێستا بەشێک لەو خەڵکە ماندووە بۆ بەدەستهێنانی کیلۆیەک شەکر ئامادەیە دەست لەگەڵ شەیتان تێکەڵ بکات.. ئەمە مەترسییە راستەقینەکەیە.

عیماد جەباری

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP