لێكەوتەی جووڵە سیاسییەكانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی

جه‌مال ئارێز
10:56 - 2022-03-29

ئامانج لە هەڵبژاردنی پێشوەختە چاكسازیی و نوێبوونەوەی سیستمی سیاسیی عیراق بوو، نەك لە گرێژنە دەرهێنانی ئەوەش كە لە 18 ساڵی رابردوودا بنیاتنراوە. لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە دەستووری تەوافوقییە.
چەمكی تەوافوق كە لە عیراقی نوێدا لەسەر دەستی سەرۆك مام جەلال تەبەنی كرا، لەسەروبەندی هەموو ئاڵۆزییەكانی چەند ساڵی رابردووشدا هەر دەستگرتن بەو چەمكەوە بۆتە مایەی لەبەریەك نەترازانی عیراق.
جووڵەكانی ئێستا و رابردووی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی چەند لێكەوتە و دەرهاویشتەیەكی لێ دەخوێنرێتەوە لەسەر هەموو ئاستەكانی یەكێتی و هەرێمی كوردستان و عیراق و ئیقلیمیش كە مایەی هەڵوەستە لەسەركردنن:
*لەسەر ئاستی یەكێتی پابەندیی خۆی بە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی یەكێتی و پێداگریكردن لەسەر ئیستیحقاقە ئینتیخابییەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دووپاتكردەوە و هەروەك هەموو ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستەوە كە لە زڕە میدیاكانەوە باسیان لە رێكەوتن و سەودای ژێربەژێر دەكرد لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار و مافەكانی یەكێتییەوە.
هەنگاوەكانی هەڤاڵ بافڵ ئەوەشی بۆ هەموولایەك سەلماند كە یەكگرتوویی بڕیاری سیاسی لەناو ی.ن.ك-دا دەتوانێت بە 18 كورسیی پەرلەمانییەوە كاریگەریی خۆی دروست بكات و لۆبی گەورە بۆ راوبۆچوونەكانی بكات.
*لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش كاتێك هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: «یەكێتی هیچ ئیرادەیەكی سەپێنراو قبووڵ ناكات»، ئەوە ئەو هەنگاوەیە كە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانین بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگیی سیاسی و نەسەپاندنی تاكە ئاڕاستەیەكی سیاسی بەسەر كۆی هەرێمی كوردستاندا.
بە دیوێكی دیكەشدا پەیامێكە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش كە ئیتر زەمەنی عەنتەرێتی و خۆسەپاندنی بەزۆر بەسەر هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكاندا گوزەشت، لەمەودوا یەكێتی خاوەنداریی لە فرەڕەنگی و فرەدەنگی و دیموكراسی دەكاتەوە و ناهێڵێت كوردستان بەرەو سیستمی تاكڕەوی سیاسی ببرێت بەناوی زۆرینەی پەرلەمانی و قۆرغكردنی كایەی دارایی و ئابووریی كوردستانەوە.
*لەسەر ئاستی عیراقیش جووڵەكانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بەو ئاراستەیەیە كە یەكێتی بە پشتبەستن بە چەمكی تەوافوق و سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی سەرۆك مام جەلال دەیەوێت كورد و هەرێمی كوردستان شەریكێكی فیعلیی پڕۆسەی سیاسیی عیراق بێت و كورد وەك سەردەمی سەرۆك مام جەلال یەكگرتوو سەنگینانە لە بەغدا بێت و ببێتە پارسەنگێك بۆ هاوكێشەی عیراق نەك ببێتە سەنگێك لە تایەكی تەرازووەكە و عیراق لە بەرژەوەندیی لایەكی هاوكێشەكەدا قڵپ بكاتەوە.
*لەسەر ئاستی ئیقلیمیش دیمەنەكە زۆر روونە كە لە ژێر پەردەی «زۆرینەی نیشتمانی» و زۆرینەی پەرلەمانییەوە خەریكە عیراق دەخرێتە گێژاوی ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە، كە ئەوەش ئەو تێزەیە كە هەر لە سەرەتای عیراقی نوێوە و لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمەوە یەكێتی و شەخسی سەرۆك مام جەلال و زۆرینەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و لایەنەكانی دیكەی بەشداریش لە حوكمڕانیی عیراق لە بەغدا تا ئەوپەڕی هەوڵیانداوە خۆیان نەخەنە ململانێ ئیقلیمییەكانەوە و عیراق نەكەنە گۆڕەپانی ئەو ململانێیانە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت پێچەوانەكەیەتی كە بەر لە عیراق ماڵوێرانی سەرەتا بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێت.
دەكرێت جگە لە یەكێتییەكان، لایەنە سیاسییەكانی دیكەش بەگشتی پاڵپشتی جووڵەكانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بن بۆ رێگریی لە سەپاندنی ئیرادەیەك لە دەرەوەی ئیجماعی كوردی و دەستگرتن بە چەمكی تەوافوق و مافە دەستوورییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی عیراق و تێوەنەگلاندنی خاك و گەلی كوردستان و عیراق لە ململانێ ئیقلیمییەكانەوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP