سلێمانی بۆ قۆنتەرات نیە، حکومەت بەقۆنتەرات بەڕێوە ناچێت؟!

شێخ سەروەر بەرزنجی
15:06 - 2022-12-20


دەستەواژەی زۆر نامۆ بە دەوڵەت داری و بەڕێوە بردنی وڵات لەم کابینەیە دەبیسترێت،کە لەھیچ قاموسێکی دوونیا نیە ئەگەر بۆی بگەڕێی،

کارەسات ئەوەیە ئەم دەستەواژانە لەلایەن کەسانێک بەکار دێن لەپێگەی دیاری ھەرێمن یان لەڕابردوو لە پێگەی دیاری ھەرێم بوون،

ئاری ھەرسین ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە دیمانەیەکی تەلەفیزیۆنی دەڵێت  سلێمانیمان دەنێ بە قۆنتەرات وەک ھەولێری لێ دەکەین،؟!!

ئەمە جگە لەوەی سووکایەتیە بە کۆی کابینەی حکومەتی ھەرێم سووکایەتیە بە کۆی دانیشتوانی ھەرێم و پارێزگای سلێمانی،کاتێک تۆ خەڵکی پارێزگایەک دەخەیە مووزایەدەو قۆنتەراتەوە ئەوە ئەو پەری سووکایەتی کردنە بە دامەزراوەکانی ھەرێم و خەڵکەکەی،ئەگەر یاسایەکی دادپەروەرانە ھەبێت پێویستە لەسەر ئەم جۆرە دەستەواژانە کەسانی ئاوا ڕاپێچی بەردەم یاسا بکرێن،

کاتێک گوێمان لەم دەستەواژانە دەبێت لەلایەن کەسانی پلەدارو کادیرانی پارتی زۆر باش ئەو ڕاستیەمان بۆ دەر دەکەوێت  کە ھەموو ئەوانەی باس لە ئابڵووقە دانی پارێزگای سلێمانی دەکەن  ڕاستن،

ئێمەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی تێ ناگەین ئەو پێشکەوتنە سەر سوڕھێنەرانەی پارێزگای ھەولێرو دەھۆک چین کە ئاوا جیھانیان سەرسام کردووەو کەسانی وەک ئاری ھەرسین وەک شانازی باسی دەکەن،؟

جگە لە دوو شەقامی ھاتوو چۆ کامە پێشکەوتنەکانی وانن؟
خەڵکی پارێزگای سلێمانی و یەکێتیش  خۆشحاڵن کە ھەموو شارەکانی ھەرێم پێشکەون و ھیچ کاتێک نەبووە خەڵکی دەڤەری پارێزگای سلێمانی دڵتەنگ بن بەوەی ژیانی خەڵکی شارەکانی تری ھەرێم گوزەران و ژیانیان باش بێت،
بەڵکو خەڵکی پارێزگای سلێمانی ئاواتە خوازن ھەمووکورد پێشکەوێت و شارەکانی ھەرچوار پارچەی کوردستان لەگەشە کردنی گەورەدابن،نەک بخرێنە قۆنتەراتەوەو بازرگانیان پێوە بکرێت،؟!

دەیان پڕۆژەی گەورەی نێشتەجێ بوون  لەسلێمانی کراون ھاوشێوەی ھەولێرو دەھۆک و سەرکەوتووش بوون،باس کردنی پارێزگایەک وەک وێرانە شەرمە زاریەکی گەورەیە کە ئەمە ڕاست نیە،

دەیان کەموو کوڕی لە ھەولێرو قەزاو ناحیەکانی ھەیە لە دەھۆک و قەزاو ناحیەکانی ھەیە، پارێزگایەکی گەورە کە پایتەختی ھەرێمە تا ئەم کاتە بەدەست گەورەترین کێشەوە دەناڵێنێت کە کێشەی زێراب و ئاوەڕۆیە، ھەر کاتێک باسی ھاتنی شەپۆلی باران دەکرێت بەشێکی زۆری خەڵک ترسی گەورەی بۆ درووست دەبێت،بەڵام بەڕاستی ئەو شێوازە لەزەق کردنەوەی کەموو کوڕی پارێزگایەک ھەڵەیەکی گەورەیە و سووکایەتی کردنە بە خەڵکی ئەو پارێزگایە،

بۆیە سلێمانی و خەڵکەکەی بۆ قۆنتەرات نیەو ناخرێنە قۆنتەراتەوە پارێزگای سلێمانی و خەڵکەکەشی لەگەڵ  سیستەمێکی بەڕێوە بردن نین کە لەسەر بنەمای قۆنتەرات بوونیات نرێت،

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP