یەکێتی و دینداریی

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
19:25 - 2022-12-23


لەواقیعدا دینداریی پاک و توندڕەوی، دوو بابەتی دژن بەیەکتر، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرۆک مام جەلالەوە تاکو سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ، لەگەڵ یەکەمیان کۆک بوون و بەرگریشیان لێکردووە، بەڵام لەگەڵ دووەمیان دژبوونە و لەچەندان وێستگەشدا لەناویان بردووە و ڕەتیانکردۆتەوە.

پێنج ساڵە لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) کاردەکەم، لەمانگی رەمەزاندا رۆژووم گرتووە و بەردەوامیش نوێژم کردووە، لەو ماوەیەدا، لە بچوکترین لێپرسراوەوە بۆ گەورەترین لێپرسراو، کەسێک نەیوت ئیدی بەرماڵی نوێژەکەت لە مەکتەبی راگەیاندندا رامەخە.
دینداریی پاک و جوان لەگەڵ دید و ئایدۆلۆژیای یەکێتی هەرگیز دژ نەبوون بەیەکتر، یان راستترە بڵێم: مادام دین و دینداریی پیرۆزیەتی کۆمەڵگای کوردییە و 94%ی کۆمەڵگا موسڵمانن، یەکێتی رێزی ئەم پیرۆزیەتەی گرتووەو ئازادی هەڵبژاردنی دینی قبوڵکردووە و هەمیشە بڵندگۆی مزگەوتەکان لەسایەی یەکێتییدا دەلالەتیان لە وتارێکی دینیی ئەسیل کردووە.

ئەوەی هەرگیز لەگەڵ بیروباوەڕی سیاسی یەکێتی یەکانگیر نەبووە، ڕاستڕەو و چەپڕەوی توندڕەو بووە، هیچ هێزێکی سیاسی هێندەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قوربانی بەخۆی نەداوە دژی توندڕەوی سیاسی و دینی. ئەم قوربانیدانە لەپێناو کۆتاییهێنان بە توندڕەوی بووەتە ڕەهەندێکی مێژوویی یەکێتی و شۆڕبووەتەوە بۆ تەواوی کادر و هەڤاڵانی یەکێتی.
جوڵەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی_یش، نەک تەنها لەکایەی سیاسی و نەتەوەییدا هەمان رێگە و رێچگەی سەرۆک مام جەلالە، بەڵکو لە رێزگرتن و نرخدان بە پیاوی دینی و مزگەوت و وتاری دینی لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە دژایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هەموو ئەو شوێن و جێگانەش کە دژی ئاکار و کۆمەڵگەی کوردین و دژی هەر وتارێکی توندڕەوییە، هەمان ئەو دیدە مێژووییەیە کە سەرۆک مام جەلال لە فەلسەفەی یەکێتیدا جێگەی کردۆتەوە.

دینداریی راست و پاک کە خزمەت بە کۆمەڵگای کوردی بکات، نەک دژ، بەڵکو بەتەواوی کۆکیشە بە ئەو ویستە نەتەوەیی و نیشتمانییەی کە یەکێتی هەیەتی بۆ کۆمەڵگا. یەکێتی هۆکار و رێگە خۆشکەرە بۆ دیندارییەکی پاک، بەڵام هەمیشەش چاودێر و رەقیبێکی بەهێز و توند بووە بۆ کۆتاییهێنان بەئەو جۆرە فیکرە داخراوە توندئاژووەی کە لەپەنای دیندا خۆی حەشارداوەو گەرای پیسکردنی دینی پاکی، داناوە

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP