پەندێک بۆ
مێژوو و دەرسێک بۆ داهاتوو
زۆر پەند لە مێژوودا تۆمار کراوە بەڵام هەندێکیان دەرسی لێ وەرنەگیراوە تا بیکەنە سەرەتایەک بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو و دەستپێکێکی نوێ بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێگەیەوە باری لاری ڕابردوو ڕاست بکەنەوە و لە بوارە جۆراو جۆرەکانی ڕێچکەی ژیان سودی لێببینرێ و خزمەت بە گەل و نیشتمان و نەتەوە بکرێ،ئەمەش هۆکاری جۆراوجۆری خۆی هەیە و لە یەک هۆکاردا خۆی نابینێتەوە بەڵکو هۆکارەکان زۆرن بە تایبەت بۆ سیاسیەکان ۰
من نامەوێ لێرەدا نمونەی مێژووی باس بکەم بەڵکو نمونەیەکی زیندوو باس دەکەم کە هەموو ئەوانەی پێیان وابوو هەڵەکانی ڕابردوویان هەڵە نەبوو ئەوە لە ئێستا و داهاتوودا شکستی گەورە چاوەڕێیان دەکات و ئەوانەی پێیان وابوو عینادی و بوغرایی ڕێگە ڕاستەکەی سیاسەتیانە ئەوە بە دڵنیاییەوە نەک لە ڕووی سیاسەتەوە بەڵکو لە ڕووی دەرونیشەوە دەبێت چاوەڕێی داڕوخانێکی دەروونی زۆر گەورە بکات و زۆر جاریش لە دەسەڵاتی خۆیدا نامێنێت و چارەسەری ئەستەم دەبێت و دەبێتە گرێیەکی (عقدة) یەکی دەروونی بۆ تەواوی ژیانی لە کۆڵی نابێتەوە ۰لێرەشدا هۆکاری جۆراو جۆر هەیە لەوانە هۆکاری پەروەردەی خێزانی و هۆکاری پیاهەڵدانی ناڕەوا و نادروستی چوار دەور و هۆکاری نەخوێندنەوەی بەرامبەر و هۆکاری یەکتر قبوڵنەکردن وحیساب
نەکردن بۆ ڕەخنەکان و ترس لە چواردەور و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی موخابەراتی و لە هەموو گرنگ تر هۆکاری نەبوونی گیان و ڕوحی لێبوردەی بەرامبەر بە میللەت و گەل۰هەموو ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بیخەمە ڕوو با ئەم پەندەی ئێستا بەسەر بەشێک لە سیاسیە کەللە ڕەقەکانی میلەتەکەماندا هات لەبەر ئەو هۆکارانەی ئاماژەم پێدا ببێتە دەرسێک بۆ ئەوانی تر و هیچ کات سڵ لەوە نەکەنەوە و تەنانەت دەشبێت بە شانازیەوە و بە تەوازوعەوە لێبوردە بن و بە مانای کەلیمە و بە کردار خزمەتکاری میللەت بن نەک بە دروشم و بە شانازیەوە دان بە هەڵەکاندا بنێن و هەر کات و هەر ساتێک پێویست بکات بە ڕاشکاوی داوای لێبوردن لە میللەت و گەل بکەن
هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی هەر لە سەردەمی جەنابی مام جەلالەوە هەمیشە و بە بەردەوام بە تەوازع بیرێکی فراوانی ڕاستەقینەی سیاسە کردن بۆ بەدەست هێنانی مافی میللەتەکەمان دەستی برایەتی و تەبایی بۆ هەموو لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی درێژ دەکرد بۆ ئەوەی ڕێگایەکی ئارام بدۆزێتەوە بۆ گەلەکەمان و لەم سەردەمەشدا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەرۆک بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و تەواوی سەرکردایەتی و سەرجەم کادیرەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەسەر هەمان ڕێچکە و ڕێبازی مام جەلال داوای برایەتی و تەبایی و ڕێکەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانمان کردوە تەنها لە پێناوی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی میللەتەکەمان و نەهێشتنی ئەو کێشانەی کە بە دەستی ئەنقەست دروست کراون بۆ داپۆشینی هەڵەو کەمووکوڕی کوشندەی لایەنیکی سودمەند لەو پشێوی و ئاژاوانەی کە بەسەر گەلەکەماندا ئەهێنرا۰
هەربۆیە بە دڵنیاییەوە ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان زۆر دەمێکە پەندمان لە هەڵە و کەموو کوڕیەکانمان وەرگرتوە و خەباتی بێ وچانمان کردوە و دەشیکەین و کۆڵ نادەین تا میللەتەکەمان دەگەێنینە کەنارێکی ئارام
لە کۆتاییدا ئەوە ڕێگە ڕاستەکەیە و ڕێگای سەرکەوتنە۰
ئاڤێستا شێخ محمد
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP