سەرۆك مام جەلال فاکتەری بەهێزبوونی پێگەی کورد بوو لە عیراقدا

بارزان شێخ عوسمان
19:25 - 2023-04-05

مێژوویەکی زۆر دوور نییە، کە رۆژی شەشی ئەپریلی 2005، مام جەلالی مەزن  لە یەکەم پەرلەمانی  هەڵبژێراوی عیراقدا  لە کۆی 257 دەنگ 227   دەنگی بەدەستهێناو بووە یەکەمین سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراقی  دوای دەیان ساڵ لە حوکمڕانیی کودەتا و دیکتاتۆریی و تاکڕەوی .


یەکەمین کۆنگرەی گشتیی  خوێندکارانی عیراق
نە عیراق، نە سەرۆك مام جەلال، هیچیان بە یەکتر نامۆ و نوێ نەبوون. هەر لە مانگی ئەپریلدا و لە  رۆژی 14دا و لە ساڵی 1948 دا مام جەلال  بۆ یەکەم چالاکی  سیاسیی چۆتە ئەو شارە و بەشداریی لە یەکەمین کۆنگرەی گشتیی  خوێندکارانی عیراقدا کردووە کە لە مەیدانی (السباع) رێکخراوە و  بە کۆنگرەی سباع ناسراوە.

لە کۆنگرەکەدا نوێنەرانی خوێندکارانی  هێزە دیموکرات و چەپ و شیوعییەکان  لە سەرتاسەری عیراق بەشدارییان کردووە جگە لە ناسیۆنالیستەکان، هەر لەوێش  مام جەلال بەدیداری شاعیری مەزنی عیراق جەواهیریی شاد دەبێت.
 لەگەڵ ئەوەشدا بەغدای پایتەختی ئەو عیراقەی سەرۆك مام جەلالی مەزن  بە درێژایی 60 ساڵ خەباتی بۆ بە دیموکراسییبوونی دەکرد،  مەیدان و وێستگەیەکی گرنگی چالاکییە سیاسییەکانی بووە، سەرباری ماوەی خوێندکاریی  لە کولییەی حقوق.

 یەکەمین سەرۆك کۆماری هەڵبژێردراوی عیراق
مانگی ئەپریل  بۆتە  خاڵێکی هاوبەش  بۆ ئەو ئاشنایەتییەی مام و بەغدا  لەگەڵ یەکتردا، لە مانگی ئەپریلدا بۆ یەکەمجار بە مەبەستی کاری سیاسیی لە بەغدا بووە، هەر لەو مانگەدا لە بەغدا  بووە یەکەمین سەرۆك کۆماری هەڵبژێردراوی عیراق. 

سەرۆك مام جەلال کە لە چیاکانی کوردستانیش خەباتی دژی دیکتاتۆریی دەکرد، هەر بەغدا و دیموکراسییەکەی عیراقی لە یادبوو وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتەکەی. 

مام بڕوایەکی نەگۆڕی بەو تێزەی خۆی هەبوو، کە هەر لە رێی دیموکراتیزە بوونی  عیراقەوە، ئەم بەشەی کوردستان بە مافە رەواکانی خۆی شاد دەبێت، هەر لەو روانگەیەشەوە بوو کە لە راپۆرتە سیاسییەکەی  سکرتێری گشتییدا لە دووەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا  دەستەواژەی «ئێمەی عیراقییە کوردەکان»ی  بەکارهێنابوو تا  بەهەموو لایەك  رابگەیەنێت کە گەلی کورد لەم بەشەی کوردستاندا، بەشێکی دانەبڕاویشە لە عیراق،  بۆیە مافی خۆیەتی بەشدار و هاوبەشی راستەقینە  بێت لە عیراقێکی دیموکراتدا.

عیراقێکی سەربەخۆ و ئازاد و دیموکرات و فیدراڵ 
ئەو رۆژەی مام جەلال واتە لە شەشی ئەپریڵی 2005  دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆماری عیراق وەکو یەکەم سەرۆکی وڵات دوای رووخانی رژێمی بەعس، وتارەکەی پێشکەشکرد، بەڵێنی نوێ کردەوە کە   کار دەکات  بۆ چەسپاندنی  عیراقێکی سەربەخۆ و ئازاد،  لەسەر بنەماکانی دیموکراسیی و فیدراڵیی و مافەکانی مرۆڤ  و مافی یەکسانیی و وەکیەکیی  هاووڵاتیبوون  بۆ هەموان و هێنانە ئارای سیستمێکی دیموکراسیی کە ئازادییەکان  و مافەکانی مرۆڤ  دەستەبەر بکات . 

هەر لەو وتارە بەنرخەیدا سەرۆك تاڵەبانی مەزن، پێویستیی خەباتی دووپاتکردەوە  بۆ کارکردن لەسەر پێشخستن و تاوسەندنی عیراق و داڕشتنی دەستوورێك بەپێی پرەنسیپی سازان و تەوافوق بۆ یەکسانیی تەواو لە نێوان هەموو هاووڵاتیاندا بەبێ جیاوازیی.
ئەو بەڵێن و سوێندەی سەرۆك مام جەلال کە لەو رۆژەدا دووپاتیکردەوە، بووە نەخشەڕێگایەک  تا  هەرێمی کوردستان لە سایەی  دەستوورێکی هاوچەرخدا  شانبەشانی ناوچەکانی تری عیراق بەرەوپێشەوە بچێت.
سەرۆك مام جەلال سیمای بەهێزبوونی  بەخشی بە پێگەی کورد و کورسیی سەرۆکایەتیی کۆماریش، بەو جۆرەی کە هەموو کێشە و ململانێکان لە کۆشکی سەلام و ماڵی سەرۆك مام جەلال یەکلایی دەکرانەوە.

ماوەی سەرۆکایەتی مام جەلال
بە درێژایی ئەو حەوت ساڵەی سەرۆك مام جەلالی مەزن سەرۆك کۆمار بوو، هەرێمی کوردستان مێرگێکی دیموکراسیی، ئازادیی، ئاشتیی، یەکگرتوو و پێشکەوتووی خۆشگوزەران بوو. هەمیشەش سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی عیراقی هان دەدا کە چاو لەو  ئەزموونەی هەرێمی کوردستان بکەن، تا سەرتاسەری عیراقیش ببێتە ئەو مێرگی ئاشتیی و خۆشگوزەرانییە.
لە سایەی سیاسەت و جیهانبینییەکانی سەرۆك مام جەلال  بە درێژایی حەوت ساڵ 2005-2012 هەم پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بوو، هەم یەکگرتوویی  کورد بووە هۆیەك کە دۆستانمان پێمان سەرسام بن، هەروەها وایکرد هەرێمی کوردستانیش  نموونەیەک  بێت هاوتا بێت لە هەموو ئاست و روویەکەوە، عیراقیش سەرباری کێشمەکێشی مەزهەبیی زیاتر لە   1300ساڵ، سەرباری دەستوەردانە هەمەلایەنەکان، بەڵام ئەو عیراقە وێرانەیە نەبوو کە دواتر بینرا.

هەوڵی بۆ بەرقەراربوونی ئارامی لە بەشەکانی تری کوردستان
سەرۆك مام جەلال لەگەڵ عیراقیبوونەکەیدا، کوردستانییبوونەکەشی هەر لە گوڕ و تیندا بوو، هەربۆیە توانیبووی جۆرە ئارامییەك ئەگەر ئاشتییش نەبووبێت لە بەشەکانی تری کوردستانیشدا بەرقەرار ببێت لەو روانگەیەوە هەر بەشێکی کوردستان  تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، ئەوەش فاکتەرێك بوو کە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عیراقیش پارێزراو بن و هەڕەشەیان لەسەر نەبێت. 
سەبارەت بە ئابوورییش سەرۆك مام جەلال  جۆرە هاوسەنگییەکی راگرتبوو کە هەم هەرێمی کوردستان ئەرکە دەستوورییەکانی رابپەڕێنێت، هەم مافە دەستوورییەکانیشی مسۆگەر بێت، لەوانە بەردەوامیی رێژەی  17 ٪ لە بودجەی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان، بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور.
بە کورتیی  و بە پوختیی، وەك تەواوی سیاسەتمەدارانیش لەسەری کۆکن، سەرۆك مام جەلال سیمای بەهێزبوونی  بەخشی بە پێگەی کورد و کورسیی سەرۆکایەتیی کۆماریش، بەو جۆرەی کە هەموو کێشە و ململانێکان لە کۆشکی سەلام و ماڵی سەرۆك مام جەلال یەکلایی دەکرانەوە، کاك نەوشیروان مستەفا  رۆژی سێشەممە سێی ئایاری 2016 لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ لای مام،  زۆر راستگۆیانە فەرمووی «مام جەلال بەڕاستی جێگەت دیارە لە كوردستان و عیراق و پڕناكرێتەوە، لە كوردستان پێویستی زۆرمان پێتە»،  «ئێستا لەوەتەی لە بەغدا نیت، ناكۆكییەكان قووڵبوونەتەوە، جاران جەنابتان هەموویانت كۆدەكردەوە».

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP