کلتوری پێکەوەژیان و لێبوردەیی و هاریکاری و هاوکاری پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی کوردستان ، باوەڕێکی قوڵ و فەرهەنگێكی بنچینەیی سیاسەتی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەبنەڕەتیشدا ، باوەڕو هزری سەرۆك مام جەلال بووە .
ڕێزگرتن و پارێزگاریکردن لەمانەوەو بەهێزکردنی كلتورو دابونەریتە جیاوازەکانی تورکمان و کلدۆئاشورو سریان و ئەرمەن و هەموو بیروباوەڕە ئایینیەکانی کوردستان ، هێزی زیاترو پێگەی بەرزتریش بەهەرێمی کوردستان دەبەخشێت .
دانانی پڕۆگرامی پەروەردەو خوێندن بەزمانی دایك و کورسی کۆتای پێکهاتەکان ، بیرۆکەو داوای سەرۆك مام جەلال بووە لەساڵی 1992 ، بۆیە لەهەموو کۆڕو کۆبونەوەکانیشیدا ، هەمیشە دووپاتی دەکردەوە ، کە هاوکاری و پشتیوانی لەداواو داخوازیەکانی خوشك و برایانی تورکمان و کلدۆئاشورو سریانەکان دەکات ، بۆ ئەوەیە کە خۆیان نوێنەری خۆیان بن و وەکو خۆیان بیربکەنەوەو بڕیار چارەنوس و کاروباری خۆیان بدەن .
بێگومان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدرێژایی مێژووی خۆی و بەگیانی بەرزی نیشتمانییەوە هەموو کات بەدەم داواو داخوازیەکانی نوێنەرو هێزە سیاسیەکانی پێکهاتەکان هاتووە ، لەبەرامبەر هاوکاری و پشتیوانەکانیەکانیشیدا ، هەرگیز پێکهاتەکان و نوێنەرەکانیانی بەکار نەهێناوە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە حزبیەکانی خۆی . یەکێتیی هەموو کاتێکیش دژی هەراسانکردن و داگیرکردنی گوندو زەویە کشتوکاڵیەکانیان بووە بەتایبەت لەبادینان و دەشتی نەینەواو دەڤەری ئێزیدخان ، کەتا ئێستاش بەردەوامە .
هەوڵی جددیش دەدەین کلتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان و هاوبەشیمان لەگەڵ پێکهاتەکانی کوردستان ، بخەینە ناو پڕۆگرامەکانی پەروەردەو خوێندن ، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووشمان لەسەر ئەم گیانی پێکەوەییە پەروەردە بکەین .
بۆیە دووپاتی دەکەینەوە ، کە یەکێتیی بۆ هەمیشە هاوکارو پشتیوانی پێکهاتەکان دەبێت ، لەپێناوی ئەوەی خۆیان نوێنەری خۆیان بن و وەکو خۆیان بیربکەنەوە ، نەوەك ببنە جێبەجێکاری ئەجێندای سیاسەتی ناشیرینی لایەنی تر .
دکتۆر مەجید محمدئەمین
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP