كۆسرەت رەسوڵ ئازاو بەوەفاو تێكۆشەر

جەلال شێخ کەریم
17:19 - 2023-07-05

كۆسرەت رەسوڵ، پێش پەنجاو دووساڵ كە لە هەولێر خوێندكاری ئامادەیی بووم ناسیاریم لەگەڵی پەیدا كرد.


ئەوكاتە لەرێكخستنەكانی پارتی لەگەڵیدا كارمدەكرد، دواتر چووە بولگاریا بۆ خوێندن لە پەیمانگای كشتوكاڵ، دوای هەرەسی شۆرشی ئەیلول گەرایەوە. من لە پەیمانگای مامۆستایان بووم لە هەولێر، دیسان بەیەكەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكدا خانوویەكمان گرت و دەژیاین، ساڵی ١٩٧٦ لە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەران كاری دەكرد، داوای لێكردم كە یەكەم بڵاوكراوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ببەم لەپەیمانگا بڵاویبكەمەوە، شەش نوسخەی دامێ، بەیانییەكی زوو چومە ژورەوە لە سێ پۆلدا لەسەر سێ كورسی دامنان، حەمەكەمال، عوسمان عەنەبی وحەسەن حەمزە بەیەكەوە خانویان گرتبوو، هاورێمان بوون. حەمە كە ئێستا لە ئوسترالیا دەژی پرۆفیسۆرەو لەزانكۆكانی ئەوێ بابەتی فەلسەفە دەڵێتەوە  لێی پرسیم ئەڵێن بڵاوكراوەی یەكێتی بڵاوكراوەتەوە، وتم دانەیەكم لایە سبەی بۆت دەهێنم دوو نوسخەی ترم برد بۆ ئەوو (سەباحی شێخ رەئوف كە دواتر بوە پێشمەرگەو مامۆستا شێركۆی مەڵبەندی یەك) . لەوكاتەوە و تا ئێستا بەردەوامین لە كاری سیاسی و پێشمەرگانەو چالاكی شۆڕشگێرانە، دواتریش لە حكومەت.. پیاوێكی ئازاو بەوەفاو تێكۆشەری خەباتی كوردایەتی، وێستەگەكانی ژیانم هەمو هاتەوە خەیاڵ ئەمرۆ كە سەردانیم كرد، زۆر دڵخۆش بووم كە بینیم ئازارو نەخۆشییەكەی باشترەو رووی زۆر گەش بوو، ئەویش خۆشحاڵ بوو هەندێ بیرەوەری كۆنی حەفتاكان و هەشتاكانمان هینایەوە یاد.
 خوا بیپارێزێت وتەندروستی باشتربێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP