خوێن گەیشتە چۆكان
(٤٤) هەموان دركیان بەگرنگی ئەو هەنگاوە كرد كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی نای، بەڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەست بەشێوەیەكی یەك لایەنەو بۆ ماوەی مانگێك كە لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسییەی نەورۆزی ساڵی 1993 دا راگەیاند، ئاگربەستەكەش یەكەم حاڵەتی لەو جۆرە بوو، كە پارتی كرێكاران نابووی لەو كاتەوەی دەستی بە خەباتی چەكداریی كردبوو لە ساڵی 1984ەوە، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو ئۆجەلان پابەندبوونی حزبەكەی بەشێوەیەكی زۆر توند و جددی بە ئاگربەستەكەوە راگەیاند، وەكو جەنگیز چانداریش دەڵێـت: « دەكرێـت روونەدانی هیچ كێشەیەك لە نەورۆزدا وەكو پێوەرێك بۆ هێزو توانای ئۆجەلان و پارتی كرێكارانی كوردستان و كاریگەرییان لەسەر خەڵكی كوردستان سەیربكرێت، هەروەها بەڵگەشە لەسەر جددیەتی ئاگربەستەكە». نزیكبوونەوە لە كۆتایی ئاگربەست.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەواوبوونی وادەی ئاگربەستەكە، ترسیش زیادی دەكرد و هەموان بە حەزەرەوە چاودێری هەنگاوەكانی دواتری لایەنەكانی پەیوەندیدار بە مەسەلەكەیان دەكرد، بەتایبەت تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆكی توركیا، كە لای خۆیەوە زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەی دەكرد، چونكە دركی بەوەكردبوو ئەگەر ئەو چانسەی لەدەست دەربچێـت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ مەسەلەی كورد، ئەوا شەڕ جارێكی تر گەرم دەبێتەوەو دەبێـتە هۆی رژانی رووبارێك خوێنی كەسانی بێ گوناه، جەنگیز چاندار لەسەر زاری سەرۆك توركیاوە دەگێڕێتەوە كە وتویەتی: جەنگیز ئەزانی لەچی ئەترسم؟ ئەگەر تیرۆر بگەڕێتەوە، ئەوا دوو هێندە دەبێت و خوێن دەگاتە چۆكان». گومانی تێدا نییە مام جەلال بەحوكمی پەیوەندی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەیتوانی رۆڵێكی كاریگەر ببینێت لەسەرخستنی ئەو دەستپێشخەرییە و رزگاركردنی ئۆزال لەشكست، بۆیە هەموان و بەتایبەتیش تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆكی توركیا چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەكرد كە بەردەوام بێت لەهەوڵە بێ وچانەكانی لەگەڵ جەنگیز چاندار بۆ رازی كردنی ئۆجەلان، هەوڵەكانیش ببوون بەهۆی راگەیاندنی ئاگربەستەكە كە وادەكەی بەرەو تەواوبوون دەچوو، لایەنە رەسمییەكان و بڕیارەبەدەستەكانی دەوڵەتی قووڵ لە توركیا، هیچ پێشوازییەكیان لەئاگربەستەكە نەکرد، هەروەها هیچ هەنگاوێكی هاوشێوەی پەكەكەیان نەنا، بەڵكو لەهەلێك دەگەڕان بۆ لەباربردنی ئەو ئاگربەستەو شكستپێهێنانی بۆ ئەوەی ئۆزالیش بگەیەننە رێگەیەكی داخراو. كاتێك مەترسییەكانیش سەبارەت بە شكستی ئاگربەستە گەیشتنە ئەوپەڕێ، جەنگیز چاندار هیچی بۆ نەمایەوە ئەوە نەبێـت پەیوەندی بە مام جەلالی هاوڕێیەوە لەشام بكات، بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە خراپەی سەرۆك ئۆزال تێی كەوتووە بەرامبەر بە نەیارەكانی بەمام جەلال بگەیەنێت، هەروەها بۆ ئەوەی داوای لێبكات هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە بۆ رازی كردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی ئاگربەستەكە درێژ بكاتەوە بێ مەرج، جەنگیز چاندار لەكتێبی شەمەندۆفێری میزۆبۆتامیا دەڵێت: بارودۆخی خراپی ئۆزالم بۆ مام جەلال باسكرد و وتم سەرۆك ئۆزال پێویستی بەدرێژكردنەوەی ئاگربەستەكەیە بۆ ئەوەی بوارێكی باشتری هەبێت بۆ مناوەرە، بەڵام بیركردنەوەی پیاوانی دەوڵەت لە توركیا، تەحەمولی سەپاندنی مەرج و دیاریكردنی وادەیان نەدەكرد، دەیانزانی ئەگەر رازی بن بە ئاگربەستەكە ئەوا پێگەی ئۆزال باشتر دەبێت و توانای چارەسەری مەسەلەكەی دەبێت».
مزگێنی مام جەلال بۆ ئۆزال
ماوەیەكی زۆر تێنەپەڕی مام جەلال لەشامەوە پەیوەندی بەچاندارەوە كرد و مزگێنی رازیبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی پێ راگەیاند، لەسەر داواكەی تۆرگۆت ئۆزال و ئامادەیی بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەستەكە بێ دیاریكردنی هیچ وادەیەكی زەمەنی و مەرجی پێشوەخت، بەوەش مام جەلال تۆپەكەی جارێكی تر فڕێدایەوە گۆرەپانی ئۆزال كە بەپێی قسەی چاندار وتبووی: دەبێت ئێمە نەهێڵێن ئەو دەستپێشخەرییەمان لەدەست دەربچێت». ئەوەی روونە عەبدوڵلا ئۆجەلانی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان، پابەندبوو بە ئاگربەستەكەوە كە یەك لایەنە لە 20/3/1993 رایگەیاندبوو، سووربوونی تەواوی خۆشی بۆ جێ بەجێكردنی ئاگربەستەكە نیشاندابوو، نەك هەر ئەوەندەش بەڵكو بەخێرایی بەدەم داواكەی مام جەلالەوە چوو بۆ دووبارە درێژكردنەوەی ئاگربەستەكە لە 16/4/1993، بێ هیچ مەرجێكی پێشوەختە و بۆ ماوەیەكی دیاری نەكراو، بەمەبەستی پێدانی چانسی زیاتر بەسەرۆكی توركیا، بۆ ئەوەی بتوانێت سەركەوێت بەسەر نەیارانیدا لە حكومەت و دەزگاكانی دەوڵەتدا، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانێت پڕۆژەكەی بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی كورد لەتوركیا بەرەو پێش ببات، بەڵام مردن رێگەی پێنەداو هەرزوو راگەیەنرا تووشی جەڵتەی دڵ بووەو لەهەمان رۆژی راگەیاندنی درێژكردنەوەی ئاگربەستەكەدا، رۆژی دواتریش واتا لە 17/4/1993 كۆچیی دوایی كرد، ئەوەش ئاگربەستەكەی گەیاند بەڕێگەیەكی داخراو، هەواڵی مردنیشی شۆكهێنەر بوو بۆ سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان، وەكو جەنگیز چاندار ئاماژەی پێ دەكات و دەڵێت: كامەران قەرەداغی بۆی گێڕامەوە كە لەماڵی ئۆجەلان بووە لەدیمەشق، كاتێ هەواڵەكەی بیستووە، لەوێدا ئۆجەلان لە جەمیل بایكی پرسیوە « چۆن ئەوە روویدا؟». راگەیاندنی مردنی ئۆزال.
دواتر بە شێوەیەكی رەسمی راگەیەنرا سەرۆك تۆرگۆت ئۆزال بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە 16/4/1993 كۆچی دوایی كردووە، بەڵام بنەماڵەكەی و هەندێ لایەنی تر تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت گومانیان لەو ریوایەتە هەیەو دەڵێن ئۆزال ژەهرخواردكراوەو تیرۆركراوە، ئەوەش لە راپۆڕتێكی رۆژنامەوانی كە پێگەی تەرەتە عەرەبی توركیا بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی پێكراوەو تێیدا هاتووە: «بنەماڵەی ئۆزال گومانیان هەیە لە كۆچكردنی بەشێوەی سروشتی و بەجەڵتەی دڵ، سەمرای خێزانیشی ئیدیعای ئەوە دەكات ئۆزال ژەهرخواردكراوە، بنەماڵەكەشی بۆ دوو دەیەیە داوای تەشریح كردنی تەرمەكەی دەكەن، بۆ زانینی هۆكاری راستەقینەی مردنەكەی». كۆتایی هاتنی ئاگربەست
بەهەرحاڵ وەكو عەرەب دەڵێت (ئەو پووشەی پشتی وشترەكەی شكاند) و ئاگربەستەكەی كۆتایی پێهێناو بووە هۆی دەستپێكردنەوەی شەڕ بەشێوەیەكی قورستر لە جاران و وەكو ئۆزال پێشبینی كردبوو كە خوێن دەگاتە چۆكان، ئەو هێرشە بوو كە ژمارەیەك چەكدار بەسەرۆكایەتی شەمدین ساكیك كردیانە سەر پاسێكی سەربازی لەسەر رێگەی بینگوڵ- ئەلعەزیز لە 24-5-199دا، جەنگیز چانداریش لەم بارەیەوە و لەسەر زاری مام جەلال دەگێڕێتەوە كە وتوویەتی «ئۆجەلان فەرمانی نەدا بە پێشێلكردنی ئاگربەستەكە و زانیاریی لەبارەی هێرشەكەشەوە نەبوو، بەڵكو لایەنی تر ئەو هێرشەیان كرد كە بووە هۆی كوژرانی چەندین سەربازی تورك».
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP