ئەمە دێرە شیعری هێمنی موکریانییە لە قەسیدەی دوور و درێژی ناڵەی جوداییدا . لەوێ مامۆستا گلەیی دەکات بۆچی خواپێداو و ناسک ژیاو کە شوێنی دیکەی زۆرن وا دێت لە (مەیخانە) وازی دەکات
(بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ؟!
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەڤەنگ)
تەبعەن تەقسی خواردنەوە ناناسم کە مەزەشم لێ زیادە، لێ ئەمە وەسفێکی مەجازییە بۆ ئەوانەی شوێنی تریان هەیە بۆ یاری کەچی دێن موزاحم دەبن لە جێگە هەستیارەکان .
لە دۆسێی دیموکراسیی و سیاسەت و ململانێدا کەرکوک شوێنی هەستیاری نەتەوەییە و هی ئەوە نییە کورد گەمەی پەرتکردن و پەرت روانینی تیا بکات . کەرکوک ئەو شوێنە نییە کە هەر یەکەو بە لۆگۆ و ئاڵا و رەنگی جیاوازەوە قەرەباڵەغی دیموکراسیی تیا بقەومێنێت . هەرێمی خالیسی کوردی و کوردستانیی و پشتی بەرەی ململانێ نەتەوەییەکە هی گاڵتە و جەڤەنگە.تا خوا حەز بکات لەوێ زۆران و دۆڕان بکە ، بەڵام بە کێ دەڵێی و بە کوێمان نەگوت کە مەکەن ئەم ململانێی (فیل و ئەسپە) لە دوکانی شوشە و مەزهەری و ئەیقونەی ناسکدا بەرپا مەکەن ، چونکە شت دەشکێ و دەنگ دەفەوتێ ؟! فەقەت کێ لە موکریان گوێی لە ناڵەی جودایی هێمن گرت تا لە گەرمێن گوێی بدەنێ ؟
وا دوو مانگە یارییە دیموکراسییەکەی کەرکوکی هەستیار و فرە جەمسەر لە شوێنی خۆی چەقیوە.
ئێستا ئیتر کە نەشئەی شەرابی جیاکاری و دروشمی هەر کەس بۆ خۆی لە مەیخانەی خەیاڵەوە هاتە سەر واقیعی جەمسەرگیری نەتەوەیی و لەسەر ژمارەی دەنگی پەرت و فەوتاو نیشتەوە، ئینجا دەزانیت مەزەخۆری و مشەخۆری جێی هیچ ناگرێ جگە لە کەیف و سەفای دوای ئەسەف و حەیفێ و نەدەم.
بە شیعری موکریان دەستمان پێکرد و بە نوقرچی عوسمانیی کۆتایی پێ بێت باشترە ( خوای گەورە ئاوەزی کرمانجم بدەیە دوای خەساری بێ فایدە).
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP