پڕبەدڵ پیرۆزباىى گەرم لە خەڵکى خۆشەویست و چەوساوەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان دەکەم، بەبۆنەى دەنگدانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆڕشی لەناوچوی بەعس، بەم دەنگدانە زەوی و زاری ناوچەکە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی لە کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە.
بەم کارە خەمێکى قوڵى گەلەکەمان کە دەیان ساڵە هەنگاو و خەباتى لەپێناودا کردوە ئیتر بەدیهات، بەو هیوایەین گیانی کاری پێکەوەیی نێوان پێکهاتەکان زیاتر قوڵتر و متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان فراوانتر بێت بۆ بەدیهێنانى تەواوى خەون و مافەکانى گەلەکەمان.
بەم بۆنەیەوە جارێکى تر پیرۆزبای گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمى کوردستان بەتایبەتی دەکەین، بە ئومێدەوە چاوەڕێی هەوڵ و کۆششی زیاترین تا بەدیهاتنی تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەی عێراق
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP