وەزارەتی دارایی هەرێم کۆی ئەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە ئاشکرا کرد.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لە ئێستادا بڕی زیاتر لە 822 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق ماوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: بەگوێرەی حساباتمان لە بانکی
ناوەندیی عێراق لقی هەولێر، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی زیاتر لە 10 ترلیۆن و 26 ملیار
دیناری وەک شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 ناردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: وەزارەتی دارایی عێراق بڕی زیاتر
لە 726 ملیار و 995 ملیۆن دیناری وەک لێبڕینی خانەنشینی و باجی داهات لە کۆی تەرخانکراوی
هەرێمی کوردستان بڕیوە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: ئەو برە پارەیەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024ـدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بریتییە لە زیاتر لە 11 ترلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن دینار، بەوەش بڕی زیاتر لە 822 ملیار و 642 ملیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لای حکومەتی عێراق ماوە کە خەرجبکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP