قوباد تاڵه‌بانی: بەبێ یەکڕیزیی ناتوانین خواست و داواکارییەکانی گەلەکەمان بەدیبهێنین

کوردستان
21:13 - 2025-01-21

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم كوردستان، بەبۆنەی پەسندکردنی "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە" په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ ..

گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف رەنگە بە درەنگ بکەوێت بەڵام دواجار هەر بەدی دێت 

بەبۆنەی پەسندکردنی "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە" کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەم و سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانتارانی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هەموو ئەو پەرلەمانتار و لایەنانە دەکەم کە رۆڵیان بینیوە لە پەسندکردنی ئەم یاسایەدا.

پەسندکردنی ئەم یاسایە بەرهەمی چەندین ساڵ هەوڵ و پێداگری و پێکەوەکارکردنی لایەنە کوردستانییەکانە لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری. 

ئەم سەرکەوتنەش جارێکی دیکە وەبیری هەموو لایەکمان دەخاتەوە کە لە پرسە نیشتمانییەکانداو بۆ بەدیهێنانی ئامانج و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان دەبێت نوێنەرانی کوردو لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا هەمیشە یەکڕیزو یەکدەنگ بن و بەبێ پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی ناتوانین خواست و داواکارییە رەواکانی گەلەکەمان بەدیبهێنین.

هێشتا زۆر داواکاری دەستوری دیکەی خەڵکی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، ئێمە هیوادارین ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت و هاندەربێت بۆ پێکەوەکارکردنی زیاتری نوێنەرانی کورد بۆ جێبەجێکردن و دابینکردنی هەموو مافە دەستورییەکانی دیکە. 

بە پێویستیشی دەزانم وەبیری هەموو لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لە پێکهاتەکانی دیکە بخەمەوە کە هەر هەوڵێک بۆ چەسپاندنی دادپەرەوەری و نەهێشتنی ستەم متمانەی نێوان پێکهاتەکان بەهێزتر دەکات و دەرگا بەڕووی پێکەوەکارکردنی زیاتر بەرەو سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق دەکاتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP