بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئامانجمان پاراستنی هاوسەنگی و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردە

عێراق
17:58 - 2022-11-27



بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق، موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم و رەییان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوە.

‌‎لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی وڵات تاوتوێکران و ئەرک و بەرپرسیارێتی لایەنە سیاسییەکان بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی کارنامەی ‌حکومەتی نوێ گفتوگۆی لەبارەوەکرا. جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاری بەردەوامی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو راپەراندنی ئەرکە دەستووری و نیشتمانییەکان و پاراستنی مافی هەموو گەلانی عیراق.

‌‎کۆبوونەوە بەرەچاوکردنی دۆخی سیاسی، ئابووری، ئەمنی ئەمڕۆی عیراق داوایکرد بەرژەوەندی نیشتمانی، پێکەوەیی و هاوبەشیی راستەقینە بکرێنە بنەمای کارکردن و بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی. هەروەها پشتگیریی لایەنەکان بۆ سەرخستنی بەرنامەی ‌حکومەت و پرۆسەی چاکسازیی، وەک فاکتەرێکی گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری لەوڵاتدا وەسفکرا. داوشکرا ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق چارەسەرێکی ریشەییانەی بۆ بدۆزرێتەوە و دەستوور بکرێتە پێوەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سازان لەسەر ئەو خاڵانەی ناکۆکیان لەسەرە.

‌‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا خواستی ھەرێم و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئامانجی ئێمە پاراستنی هاوسەنگی و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردە لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا. دەمانەوێت تەبایی و پێکەوەژیان بکەینە بنەمای کارکردن و هەموومان لەپێناو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانمان هەوڵبدەین. دڵنیاین دەتوانین لەگەڵ برا و دۆستەکانمان وڵات بەرەو ئاشتی، سەقامگیری و یەکسانی ئاڕاستە بکەین و لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا بین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP