به‌ هه‌وڵی په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی بانكی ناوه‌ندیی له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمش دۆلار به‌ نرخی ره‌سمی ده‌فرۆشێت

ئابوری
14:43 - 2023-02-13



بەهەوڵی ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هاوشێوه‌ی فرۆکەخانەکانی دیکەی عیراق، لە فرۆکەخانەکانی هەرێمی كوردستانش دۆلار بە نرخی رەسمی بانکی ناوەندیی بۆ گەشتیاران ده‌گۆڕدرێته‌وه‌. 

د. نەرمین مەعروف غەفور ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند: "لەدوای هەوڵەکانم بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی بانکی ناوەندیی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی رەسمی بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێر، دوای بەدواداچوونی بەردەوامم لەگەڵ لقی بانکی بازرگانی عیراق لە شارەکانی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ئەمڕۆ خۆشبەختانە ئەو بڕیارە چووە بواری جێبەجێکردنەوە".

دەشڵێت: "گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لەئه‌مڕۆوە بەمەرجی هەبوونی ڤیزا و بلیتی فڕۆکە بڕی ٧ هەزار دۆلار بکڕن بە نرخی رەسمی بانکی ناوەندیی کە ١٣٢هەزار دینارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک".

د. نەرمین راشیگەیاند: "وەک سەرۆکی لقی بانکەکان لە لیژنەی دارایی بەدواداچون بۆ رێکارەکانی گۆڕینەوەی دراو بە نرخی رەسمی بانکی ناوەندی لە فرۆکەخانەکانی هەرێم دەکەم و هەوڵدەدەین بۆ هەر گەشتیارێک ئەگەر بیەوێت ئەو بڕە پارەیە بگۆڕێتەوە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا لە فرۆکەخانەی سلێمانی بەهەمان میکانیزم دۆلار دەدرێت بە گەشتیاران".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP