روبەرووبەنەوەی چەكداری لە نێوان ئیسرائیل و میسر روویدا و 4 كەس كوژران

جیهان
09:50 - 2023-06-04

لە رووداوێكی دەگمەن لە نزیک سنووری هەردوو وڵات سێ سەربازی ئیسرائیلی و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی میسر كوژران و ئەو وڵاتانە رایانگەیاندووە کە پێکەوە لێکۆڵینەوە دەکەن.

ئیسرائیل رایگەیاند: لە دەروازەیەکی سنوریی سەر بە بنکەیەکی سەربازی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی شەممە سێ لە سەربازەکانی بە هۆی تەقەی راستەوخۆ لە نزیک سنوورەکانی میسر کوژراون.
هێزەکانی پاراستنی ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "سێ سەربازی ئیسڕائیل کوژراون" و هێرشبەرەکەیان بە "پۆلیسێکی میسری" ناساندووە.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل وتی: لێکۆڵینەوەیەک بە هاوکاری تەواو لەگەڵ سوپای میسر ئەنجام دەدرێت.
هەروەها سەرچاوە ئەمنییەکانی میسر بە ئاژانسەکانی هەواڵیان راگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی هاوبەش دەستیپێکردووە.

وتەبێژی سوپای میسر پشتڕاستی کردەوە کە "ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان" لە ئاڵوگۆڕی تەقە لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل کوژراوە.

ئاژانسەكانی هەواڵ وایان بڵاوكردووەتەوە كە ئەفسەرێكی هێزە ئەمنییەكانی میسر لە كاتی ئەركدابووە بۆ راوەدوونانی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر و لە سنوری ئیسرائیل لەگەڵ سەربازانی ئەو وڵاتە بووە بە شەڕیان و رووداوەكە روویداوە كە بەهۆیەوە ئەفسەرە میسرییەكە و 3 سەربازی ئیسرائیلی كوژران و سەربازێكی تریش برینداربووە.

ئەمە لە كاتێكدایە ئیسرائیل و میسر له‌ ساڵی 1979 په‌یمانی ئاشتییان واژۆ كردوە و په‌یوه‌ندی ئه‌منی هاوبەشیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP