بۆ رۆژی دووەم دووكەڵی رەش لە كڵێسای سیستین هەڵكرا و پاپای نوێ هەڵنەبژێردرا

جیهان
19:28 - 2025-05-08

لە یەکەم دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێی ڤاتیکان، دوکەڵی رەش لە دوکەڵکێشی کڵێسای سیستینەوە بەرزبووەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کاردیناڵەکان نەیانتوانی پاپا هەڵبژێرن و دەنگدانەکە دواخرا بۆ سبەی پێنجشەممە.
لەکاتێکدا دەیان هەزار کەس لە گۆڕەپانی سانت پیتەر کۆبووبوونەوە لە چاوەڕوانیی بینینی دوکەڵەکەدا بوون، کە بەگوێرەی نەریتێکی دێرین لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پاپای نوێ پەیڕەو دەکرێت.
پاش سێ سەعات و 15 دەقیقە دوکەڵی رەش لە دوکەڵکێشی کڵێساکە بەرزبوەوە، ئەوەش پاش ئەوەی ئەو 133 کاردیناڵەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد نەیانتوانی شوێنگرەوەی پاپا فرانسیس دیاری بکەن.
پاش مردنی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، لە 21ـی نیسانی 2025، ئەو کاردیناڵانە بانگێشتی رۆما کران بۆ هەڵبژاردنی پاپایەک بۆ نزیکەی یەک ملیار و 400 ملیۆن کریستیانی کاسۆلیکی لە جیهان.
بەگوێرەی ئەو رێوڕەسمە دێرینە، لە هەڵبژاردنی پاپادا، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 80 ساڵەوەیە، بەنهێنی دەنگ دەدەن لە کڵێسای سیستین تاوەکو یەکێکیان زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، کە 89 دەنگە و دواتر وەکو پاپا دەستنیشاندەکرێت.
ئەمە گەورەترین رێوڕەسمی نێودەوڵەتییە، کە کاردیناڵەکانی لە 70 وڵاتی جیاوازەوە کۆکردووەتەوە و زۆرینەیان پێشتر یەکتریان نەناسیووە.
تاکە ئامراز بۆ گەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پاپا سوتاندنی کارتەکانی دەنگدانە بە ماددەیەکی کیمیایی بۆ دەرکردنی دوکەڵ.
ئەگەر دوکەڵەکە رەش بێت مانای ئەوەیە بڕیار نەدراوە، ئەگەر سپی بێت، ئەوا پاپای نوێ هەڵبژێردراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP