په‌رله‌مان خوێندنەوەی سێهەم بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دواده‌خات

عێراق
17:51 - 2023-09-17


ئەنجومەنی نوێنەران سه‌باره‌ت به‌ کێشە داراییەکانی نێوان  هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵیی، بانگهێشتی هەردوو وەزیری دارایی هه‌ردوولا دەکات و بەوهۆیەشەوە خوێندنەوەی سێهەم بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کە بڕیاربوو رۆژی دووشەممە ئەنجام بدرێت، دواکەوت، هەرچەندە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە هەوڵدان خوێندنەوەی سێهەمی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە دانیشتنی سبەینێدا بمێنێتەوە.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "بڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، هەردوو وەزیری دارایی عیراق و هەرێم بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمان بکرێن، بۆ پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کێشە داراییەکانی نێوان هەردوولا".

"بەهۆی گرنگی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و بانگهێشتکردنی هەروو وەزیری دارایی عیراق و هەرێم بۆ پەرلەمان، پێدەچێت خوێندنەوەی سێهەم بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەمەی ئەنجومەنی نوێنەران دوابخرێت، لە بەرامبەردا فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەهەوڵدان ئەو پرسە لە دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەر بدرێت"، چرۆ حەمەشەریف وادەڵێت.

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە کۆبوونەوەی سبەینێشدا لاببرێت، وەک فراکسیۆنی یەکێتی کە خۆمان  بە خاوەنی پرۆژەکە دەزانین، هەوڵ دەدەین خوێندنەوەی سێهەمی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخەینە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و لە هەمان کاتدا هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر بۆ پەسەندکردنی پرۆژەکە بدەین".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP