سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كرد

کوردستان
17:37 - 2023-11-25

ئەمڕۆ شەممە ٢٥ ی ١١ ی ٢٠٢٣ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی  وەفدێكی باڵای یەكێتی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی كرد  و لەلایەن مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و وەفدێكی باڵای یەكگرتووەوە پێشوازی لێكرا .

لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان ، یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد ، خۆ ئامادەكردن بۆ ئەگەر و پێشهاتەكان كراو جەخت لە بەردەوامی دیالۆگی  نیشتمانیی و بەرپرسیارانە كرایەوە بەبەشداری  سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان  لەناوخۆی هەرێم عیراق بەشێوەیەك ژیان و گوزەرانی خەڵك پارێزراوبێت و هەوڵەكانیش بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان بەتایبەت دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بخرێنەگەڕ .

هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا بە پەرۆشەوە هاوڕابوون كە دۆخی هەستیاری ناوچەكە وادەخوازێت نێوماڵی كورد یەكبخرێتەوەو  یەكڕیزی بپارێزرێت و كێشەو كەموكوڕییەكانی بەردەم پرسی حكومڕانی چارەسەر بكرێن و ستراتیژی سیاسی حزبەكانیش بخرێتە خزمەت گشتی  و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكات و ساتی خۆیدا بەجۆرێك ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لەهەرێم و بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم .

هەر لە كۆبوونەوەكەدا تەئكیدكرایەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و   فراوانكردنی هاریكارییەكان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP