قوباد تاڵەبانی: بە داخەوە تا ئێستا پرسی توندوتیژی دژی ژنان لای بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا پرسێکی پەراوێز بووە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە وتارێکدا لە دیداری سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رایگەیاند: بە داخەوە تا ئێستا پرسی توندوتیژی دژی ژنان لای بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا و تەنانەت لای بەشێک لە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری پرسێکی پەراوێز بووە.
لە دیدارەکەدا کە رۆژی یەک شەمە، ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا پرسی توندوتیژی دژی ژنان بە تەنها بە حکومەت و رێکخراوەکان چارەسەر نابێت و دەبێت ئەم پرسە ببێتە پرسی هەمووان و پێویستیی بە کاری پێکەوەیی لەنێوان حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و نووسەران و رۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هەیە. هەروەها وتیشی: ناکرێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵگادا دوو کێشە چارەسەر بکرێت و کێشەکانی دیکە فەرامۆش بکرێن.
جێگری سەرۆک وەزیران، جەختیشی کردەوە یەکێک لەو بوارانەی کە دەبێت گەشەی تێدا بکرێت، باشترکردنی دۆخی ژنان و کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژی خێزانییە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی داوایکرد رێکخراوەکان و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان لەپێناو هۆشیاکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگا، پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵک دروست بکەن، میکانیزمێک و شێوە رێکخستنێک دروست بکەن کە بەردەوامیی و بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا گفتوگۆ بکەن، بە تایبەتیش لەگەڵ ئەو بەشە لە کۆمەڵگا کە رێژەی توندوتیژی لەناویاندا بەرزترە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختی کردەوە کە دەبێت هەمووان پێکەوە لە بچوکترین کێشەی بەردەم ژنان و کچانەوە هاودەنگ بن تا دەگاتە گەورەترینیان کە کوشتنی بەناو شەرەفە و بەیەکەوە و بە یەکدەنگ بڵێین: “هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە”.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP