شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق پێشوازییکرد لەتەیموری ئەنفال تاکە رزگاربووی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و پێکەوە تاوتوێی هەنگاوەکانی بەخاکسپاردنی رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوانیان کرد.
لەدیدارەکەدا کەرۆژی دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لەنوسینگەی تایبەتی خانمی یەکەم لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تەیموری ئەنفال سوپاسی خاتوو شانازی کرد بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو کەیسە گرنگە بۆ وەرگرتنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و بە خەمخۆری ئەو پرسەی وەسفکرد و رایگەیاند دەمەوێ هاوکارتان بم تا ئەو دۆسیەیە بگەیەنینە ئەنجام.
هاوکات تەیموری ئەنفال وەرگرتنی نمونەی خوێنی کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA بە هەنگاوێکی پڕبایەخ وێناکرد.
لەو دیدارەدا، خاتوو شاناز پێی ڕاگەیاند گومانم لەوەدا نییە کەئەو ئازارەی چەشتووتە وەک رزگاربوویەکی گۆڕەبەکۆمەڵەکان هیچ کەسێک بەرگەی ناگرێ و ئێستاش لەڕوانگەی خەمخۆریتەوە پەرۆشی ئەم پرسەی بەتایبەت کە رووفاتی کەسوکار و ئازیزانتی لەخۆگرتووە.
خانمی یەکەمی عێراق بەڵێنیدا هەرکات ئەنجامی پشکنینەکان دەریخست کە کەسوکاری تەیمورن، رووفاتی پیرۆزیان ڕەوانەی زێدی خۆیان لە گەرمیان و ئەوانیتریش لە تەقتەق و کۆیە و ناوچەکانی تر بکاتەوە، تا کەسوکاری ئەنفالکراوان بەرووفاتی ئازیزانیان شاد بکاتەوە.
لەدیدارەکەدا ئەوەش دووپاتکرایەوە کە ئەم هەماهەنگییە بەردەوام دەبێ لەدوای رێورەسمی بەخاکسپاردنی ڕووفاتەکان و بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تریش لەئایندەدا، خاتوو شاناز داوایکرد کە تەیموری ئەنفال وەک بەڵگەیەکی زیندووی ئەو مەرگەساتە، چاودێری کارەکان بکات هەر لەسەرەتاوە تا تەواوکردنی هەموو قۆناغەکان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP