بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی ی.ن.ک لە بەغدا لەگەڵ د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عیراق کۆبووەوە

عێراق
12:52 - 2024-04-07

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عیراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهات و ئەگەرە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی وڵات کراو هەردوولا پەرۆشی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان و عیراق بوون و  بەردەوامی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان لایەنەسیاسییەکان بە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری لەقەڵەم درا.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەرامبەر رۆڵ و هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێز سەرۆککۆمار لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سوپاس و پێزانینی بێپایانی ئاڕاستەی د.لەتیف جەمال رەشید کرد کە هاوکاری چارەسەرکردنی کێشەکان بووە و لەروانگەی نیشتمانیی و بەرپرسیارێتییەوە دەسەڵاتەکانی بەکارهێنا لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و جەختیشیکردەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی دەربەست هەر هەنگاوێک دەگرێتەبەر کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و خەڵک بێت لەپێناو پاراستنی مافە نەتەوەییەکان و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گرنگی پاڵپشتیکردنی کارەکانی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و هاوبەشێتی راستەقینە لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان جەختیان لەسەر کرایەوە و سووربوونی بەردەوامی دیالۆگ لەنێوان گشت لایەنەکان بە باشترین بژاردەی سیاسی دانرا بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردنی وڵات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP