وەزارەتی نەوتی عیراق: چیتر پێویستمان بە هاوردەکردنی بانزین نامێنێت

ئابوری
14:15 - 2024-04-26

وەزارەتی نەوتی عێراق بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی بەنزینی رایگەیاند و دەڵێت، رۆژانە دەتوانن زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بە ئۆکتانی بەرز بەرهەمبهێنن و بەرەو ئەوە دەچن هاوردەکردن نەهێڵن.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاڵاوگەی ئەزمیرا لە بەسرە دەستی بەکارکردووە و لە توانایدا هەیە بەنزین بە ئۆکتانی 94 بپاڵێوێت و رۆژانەش 750 هەزار لیتر بەنزین کۆگا بکات، ئەوەش هاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خۆبژێوی لە بەنزیندا.

راشیگەیاندووە، هەوڵدەدەن قەبارەی هاوردەکردنی بەنزین لە وڵاتانی دراوسێ کەمبکەنەوە، لەگەڵ تەواوبوونی سەرجەم یەکەکاندا ئاستی هاوردەکردنی بەنزین بۆ رێژەی سفر دادەبەزێت و بەتەواوی پێداویستی ناوخۆ پڕبکەنەوە و بەنزین هاوردە نەکەن.

پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، ساڵانە بە بەهای چوار ملیار دۆلار بەنزین هاوردە دەکات و حکومەتی عێراق سوورە لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی هاوردەکردنی بەنزین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP