په‌رله‌مانتارێك: بۆ چاره‌سه‌ركردنی دواكه‌وتنی موچه‌ هه‌رێم هاوكاری عیراق بێت

ئابوری
17:41 - 2024-05-05


به‌هۆی هه‌بوونی گرفت له‌ لیسته‌كانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و ئامارو داتاكان، ناردنی مووچه‌ له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم دواكه‌وتوه‌و په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت: "ناردنی مووچه‌ له‌به‌غداوه‌ به‌نده‌ به‌ به‌ده‌نگه‌وه‌چونی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ داواكارییه‌كانی به‌غدا له‌پرسی ته‌وتینی مووچه‌"، هاوكات ئه‌ندامێكی دیكه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت:"حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندبووه‌ كه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ته‌وتین بكرێت و رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌ستیپێكردوه‌".

كێشه‌ له‌ لیستی مووچه‌دا هه‌یه‌
سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندووه‌: "به‌هۆی كێشه‌ له‌لیستی مووچه‌ و داواكارییه‌كانی به‌غدا بۆ ته‌وتینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، مووچه‌ی مانگی چوار دواكه‌وتوه‌و ناردنی مووچه‌ به‌نده‌ به‌ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داواكارییه‌كانی به‌غدا، به‌راده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان و رێكاره‌كانی ته‌وتین".

"له‌گه‌ڵ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی داواكارییه‌كانی به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌نێردرێت كه‌له‌رێگه‌ی بانكه‌كانی ره‌شیدو رافیده‌ین و TBI دابه‌شده‌كرێت و داواكارییه‌كانی به‌غداش روونه‌و پێویسته‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بخرێته‌ سه‌ر بانكه‌ حكومه‌ییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵ"، سۆران عومه‌ر وای وت.

حكومه‌تی هه‌رێم هاوكاری حكومه‌تی عیراق بێت
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری حکومەتی بەغدا بێت و داواکارییەکانی جێبەجێ بکات، کە بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێم رەزامەندی دەڕیوە.

موعین كازمی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن رایگه‌یاند:"تا كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ی به‌بانكیكردن ناردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ندبووه‌ كه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ته‌وتین بكرێت و رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌ستیپێكردوه‌و مووچه‌خۆران له‌رێگه‌ی بانكی بازرگانی عیراق TBI هه‌ژماریان بۆ بكرێته‌وه‌".

"پێویسته‌ ئه‌و گرفتانه‌ی بۆ ناردنی مووچه‌ی مانگی نیسانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دروستبووه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و حكومه‌تی هه‌رێم هاوكاری حكومه‌تی عیراق بێت بۆ ئه‌وه‌ی پرسی ته‌وتین كۆتایی پێبێت و له‌وه‌ زیاتر مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دوانه‌كه‌ویت" موعین كازمی وایوت.

لیستی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت
ئارام عه‌بدوڵا به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری گشتی بودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشتر به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندبوو: "داوامان له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان كردووه‌ لیستی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق گفتوگۆ بكه‌ین له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ده‌ستكردن به‌ پرۆسه‌كه‌".

"خشته‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان جیاوازه‌ له‌وه‌ی له‌وه‌زاره‌تی دارایی عیراق هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵیدا بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی فیدراڵی ڕ‌ازی بێت به‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌كه‌"، ئارام عه‌بدوڵا وایوت.

حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌نده‌
پێشتریش سه‌میر هه‌ورامی وته‌بێژی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن رایگه‌یاند:"له‌دواكۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دوو بڕ‌یاری زۆر باش دراون، كه‌ یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان به‌پێی رێكاره‌ یاساییه‌كان بنێرێت بۆ به‌غداو بڕ‌یاری دووه‌میش درا كه‌ ئاساییه‌ لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ته‌وتین بكرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نوسراو نێردراوه‌ بۆ به‌غدا".

داهاته‌ فیدراڵییه‌كان ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی
هونه‌ر جه‌مال وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌باره‌ی ناردنی مووچه‌ی مانگی چواری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:"ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕ‌یاریداوه‌ داهاته‌ فیدراڵییه‌كان بخرێنه‌سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی، ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه‌و بڕ‌یاردراوه‌ به‌ زووترین كات ئه‌و داهاتانه‌ بنێردرێن، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی چیتر حكومه‌تی فیدراڵی عیراق هیچ بیانوویه‌كی نه‌مێنێت بۆ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و نه‌به‌سترێته‌وه‌ به‌هیچ بابه‌تێكی دیكه‌وه‌".

"هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان ئاماده‌كارییان كردوه‌ كه‌ لیستی مووچه‌ی مانگی ئایار به‌پله‌به‌رزكردنه‌وه‌وه‌ ئاماده‌بكه‌ن، هه‌ركات ته‌واوبوو ئه‌وا بۆ دارایی عیراقی ده‌نێرین". هونه‌ر جه‌مال واده‌ڵێت.

وه‌زاره‌تی دارایی عیراق به‌ نووسراوی ره‌سمی كه‌رۆژی 7ی 4ی 2024 ئاڕ‌استه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی له‌ به‌غدا كردوه‌، داوای كردووه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ زووترین كات ناوی چواری، ساڵی له‌دایكبوون، ناوی دایك، ژماره‌ی موبایل، ناونیشانی نیشته‌جێبوون، ژماره‌ی راژه‌، ئاڕ‌استه‌ی دارایی بكات به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی ته‌وتین بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ یه‌كێك له‌و بانكه‌ حكومییه‌ فیدراڵییه‌كان و له‌ئێستاشدا لیژنه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق له‌هه‌رێمی كوردستانن بۆ پرسی ته‌وتین كردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP