قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیران، رۆژى دووشەممە 13ى ئایارى 2024 گەیشتە پارێزگاى هەڵەبجە و لەیەکەم وێستگەشیدا لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدان، تاجەگوڵینەى رێز و وەفادارى بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دانا.
دواتر قوباد تاڵەبانی ئامادەى مەراسیمێک بوو لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجە کەبەبۆنەى یادی ٣٧ ساڵەى راپەڕینی خەڵکی هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور لەدژى بڕیارى بەزۆر ڕاگواستنیان، رێکخرابوو.
هەر لەمیانی سەردانەکەیدا، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، لەگەڵ ئەنجومەنى پشتیوانی هەڵەبجە کۆبوویەوە کەلەچەندین کەسایەتی و پیاوماقوڵى هەڵەبجە پێکهاتوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەى چۆنێتی پەرەپێدان و بوژاندنەوەى شارى هەڵەبجە لەڕووى ئابوورى و خزمەتگوزارییەوە، کەتێیدا ئامادەبووان ژمارەیەک داواکارییان سەبارەت بەچۆنێتی زیاتر خزمەتکردنی شارەکەیان خستەڕوو.
جێگرى سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان جددیە بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوورى بەهێز بۆ شارەکە، چونکە هەموومان بەجۆرێک قەرزاری هەڵەبجەین کەهەرگیز لەئاست ئەو قوربانیدانەیدا نادرێتەوە.
پشتیوانی خۆشی بۆ ئەو ئەنجومەنە دەربڕی لەپێناو رێکخستنی کارەکانی و هاوکاری ئیداری پارێزگاکە لەپێناو خزمەتکردنی باشتری شارەکە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP