قوباد تاڵەبانی سەردانی مەڵبەندی ٩ی شارەزووری کرد

کوردستان
14:21 - 2024-05-13



 لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەڵەبجە، رۆژى دووشەممە 13ى ئایارى 2024، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبى سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی بارەگاى مەڵبەندی٩ی رێکخستنی شارەزووری یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا پیرۆزبایی لەعومەر حاجی ئەحمەد کرد بەبۆنەى دەستبەکاربوونی بە لێپرسراوی مەڵبەندی ٩ی رێکخستنی شارەزوور و هیواى سەرکەوتنی بۆ خواست، داواشى لێکرد هەموو هەوڵەکانی بخاتەگەڕ تا ئەم گۆڕانکارییە هاوتاى قۆناغەکە و هەوڵ و هیممەتی یەکێتی بێت و کاریگەرى هەبێ لەسەر رێکخستنەوەى کاروبارەکانی مەڵبەند و کۆکردنەوەى کادیرانی حزب و هاندانیان بۆ چوونەوە ناو جەماوەرى سنورەکە. 

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا لێپرسراوی مەکتەبى سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەى بەدۆخی ئێستاى ناوچەکە کرد لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی و هەوڵەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەوبارەیەوە.

هەر لەکۆبوونەوەکەی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ لێپرسراو و کادرانی مەڵبەندی ٩ى رێکخستنی شارەزوور، تاوتوێى چۆنێتی رێکخستنەوەى پەیوەندی نێوان حزب و حکومەت کرا لەرێى ئەو کادرانەى یەکێتییەوە کەپۆستیان هەیە لەحکومەت بەجۆرێک کە هەوڵەکانیان لەخزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی پارێزگاى هەڵەبجە بێت و رەنگدانەوەى سیاسەتی یەکێتی بێت بۆ خزمەتکردن بەچین و توێژەکان بێ جیاوازی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP