به‌غداد 443 ملیار دیناری ره‌وانه‌ی هه‌رێم كردو خشته‌ی مووچه‌ بڵاوكرایه‌وه‌

ئابوری
18:45 - 2024-05-15

وەزارەتی دارایی عیراق 443 ملیار دیناری دیکەی وەک شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مووچەی مانگی نیسان خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژەی بۆئەوەكردووە: "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024، لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە 443 ملیار دینار وەک شایستەی مانگی نیسانی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم".

هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە و بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی: " ئەو خشتەیە بڵاوکراوەتەوە بەپێی ئەو تەمویلە ئامادە کراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە نێردراو".

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ 14ـی ئایاری 2024، نزیکەی ١٦٨ ملیار دینار بە سێ گوژمە وەک شایستەی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق و ئەمڕۆش ئەو توێژانەی کە مووچەکەیان نێردرابوو، مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت.

هەتا ئێستا لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڕی 611 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم نێردراوە، بەڵام  سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی تێدانییە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەکانیان بۆ هەرێم بنێردرێت.

جێی ئاماژەیە، رۆژی 6 تا 8ـی 4ـی 2024 دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێم و بەوپێیەش نزیکەی 10 رۆژە مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم دواکەوتووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە