قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بۆردی وەرزش و لیژنەی باڵای وەرزشی (ی.ن.ک)دا، بڕی زیاتر لە سێ ملیار دیناری بۆ خزمەتکردنی کەرتی وەرزشی کوردستان تەرخان کرد. بڕە پارەکە بۆ دروستکردن و نوێکردنەوە و دابینکردنی پێداویستیی بۆ یاریگاکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک تەرخان دەکرێت.
بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، ئەو بودجەیە بۆ 31 پڕۆژە تەرخانکراوە، ژمارەیەک یاریگا نۆژەن دەکرێنەوە و چەند یاریگایەکیش دروست دەکرێن و پێداویستی چەند یاریگایەکی دیکەش دابین دەکرێت.
بەم هەنگاوە بەشێکی زۆر لە کەموکورتییەکانی ژێرخانی وەرزش چارەسەر دەبن، یانەکان و تیپە میللیەکان دەتوانن لە سنورەکانی خۆیانەوە، پەرە بەتواناکانیان بدەن.
هەروەها قوباد تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیە بۆردی وەرزشی راسپارد کاری زیاتر لەسەر بە پیشەکردنی وەرزش بۆ وەزشوانان و وەبەرهێنان لە کەرتی وەرزشدا بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پلان و پڕۆژەیەکی پێشکەش کردن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP