قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ئەمریکا کرد

کوردستان
21:32 - 2024-10-11

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سێس مۆڵتن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە چەند گەورە راوێژکارێکی سیاسی و سەربازی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی کۆنگرێس و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەیبوون، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی بێگەرد , ئەنجامەکەی رەنگدانەوەی ئیرادەی هاوڵاتییان بێت.

وەفدەکەی ئەمریکا هیوایان خواست لە دوای هەڵبژاردن، بە خێرایی کابینەی داهاتووی حکومەت پێکبهێنرێت و حکومەتێکی کارا و یەکگرتووبێت تا بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و کوردستان و ئەمریکا بەرەوەپێش ببات و پرۆسەی چاکسازیش لە هێزەکانی پێشمەرگەدا خێرا جێبەجێ بکات.

لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆ لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە بەردەوامی هەڕەشەی تیرۆر لەعێراق و ناوچەکە دا. مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیشی بۆ هاوکاریکردنی ‌هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق بە پێویست زانی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP