شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ بەشێک لە جەماوەری سێوسێنان کۆبووەوە

کوردستان
20:17 - 2024-10-11

ئەمڕۆ هەینی 11_10_2024 ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەناحیەی سێوسێنانی قەرەداغ، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کەسوکاری شەهیدان و چین و توێژە جیاجیاکانی سنووری ناحیەکە کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی ناوچەکە ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا رایگەیاند: سێوسێنان مێژووییەکی پڕ لە شانازی هەیە لە شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کوردستاندا، لە شۆڕشی نوێدا زۆرترین قوربانیداوە، کیمیاباران کراوەو بەهۆیشەوە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانەکەی شەهیدو برینداربوون، هەروەک ئەرکێکی زۆری پێشمەرگەی لەسەربووەو وێستگەیەک بووە بۆ حەوانەی پێشمەرگەکانی یەکێتی، تەنانەت لەناوچەکانی تری کوردستانیشەوە پێشمەرگە رووی لێرە دەکرد، هەربۆیە لەلایەن دوژمنانەوە بەوپەڕی دڕندەیی و دڵڕەقییەوە رەفتاری لەگەڵ دەکرا تا کار گەیشتە کیمیابارانکردنی، بەڵام بەوەش دوژمن نەیتوانی ئێرادەی خەڵکە تێکۆشەرەکەی تێکبشکێنێت و دەرەنجامی ئەو هەموو قوربانیدانە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی نیشتمانیی و نەتەوەییە کە دەبێت بەخوێنی خۆمان بیپارێزین.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، باسی لە کەموکورتییەکانی حوکمڕانی هەرێم و پێویستی کارکردنی جددی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی کردو جەختیکردەوە کە لەئێستادا یەکێتی یەک دەنگ و یەک هەڵوێستە و خاوەنی سەرۆک و بەرنامە و تێڕوانینی راست و رەوانی خۆیەتی، بۆیە  دەتوانێت ئەرکی گۆڕانکاریی لەشێوازی حوکمڕانی بەئاراستەی باشترکردنی باروگوزەرانی خەڵک جێبەجێ بکات.

ئامادەبووانیشی هاندا بۆ بەهێزکردنی ئیرادەی گۆڕینی دەسەڵات، لە رۆژی 20ی مانگدا راپەڕینێکی دەنگدان بەرپابکەن و بەشێوەیەکی بەرفراوان دەنگ بدەن بەلیستی 129ی یەکێتی وکاندیدە دڵسۆزەکانی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP