ئەندامێکی پێشووتری جڤاتی نیشتمانی و سەدان هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان گەڕانەوە نێو ریزەکانی یەکێتی

کوردستان
18:59 - 2024-10-17

 رۆژی پێنجشەممە 17_10_2024،   شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی(ی.ن.ک) لەڕێوڕەسمێکدا لە شاری سەید سادق پێشوازی لە گەڕانەوەی جەبار جەلال ئەندامی پێشووتری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد کە خۆی و سەدان هەڵسوڕاو و لایەنگری بزووتنەوەی گۆڕان گەڕاونەتەوە نێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەنێویشیاندا لێپرسراوی بازنەکانی ناڵپارێزو گەرمک و جێگری لێپرسروی بازنەی ناڵپارێز و لێپرسراوی رایەڵەی پێشمەرگە.

 لەو رێوڕەسمەدا کە هەریەک لە جەمیل هەورامی و حامیدی حاجی غالی و عومەری حاجی ئەحمەدو هەڵۆ پێنجوێنی ئامادەیبوون،   شێخ جەعفەر، باسی لە رۆڵی بەرچاوی جەبار جەلال کرد لە شۆڕشی نوێ و وێستگەکانی تری ژیانی سیاسی یەکێتیدا کە جێدەستی دیارە، هەروەک بەناوی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتییەوە بەگەرمیی بەخێرهاتنەوەی کردن بۆ ناو ریزەکانی حزبی خۆیان و پێیڕاگەیاندن، ئێوە کۆمەڵێک تێکۆشەری ماندوونەناسن و حزب بەچاوی رێزو پێزاینەوە لە تێکۆشانتان دەڕوانێت و جێگای هەموو تێکۆشەرانی کوردستانی تێدا دەبێتەوە.

لەبەرانبەردا، بەڕێز جەبار جەلال بەناوی خۆی و هاوڕێکانییەوە، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ بەرنامە  و ئەجیندای نیشتمانی و نەتەوەییانەی یەکێتی دووپاتکردەوە و رایانگەیاند، لەئێستادا یەکێتی کاریگەرترین هێزی سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی و بووەتەوە بە تاکە ئومێدمان، هەر بۆیە بەتەواوی هێزمانەوە پشتیوانی دەکەین و هەموو وزەو توانایەکمان بۆ سەرخستنی بەرنامەکەی دەخەینەگەڕ.

هەر لەو رێوڕەسمەدا، هەریەک لە جەمیل هەورامی و حامیدی حاجی خالید، لە دوو وتەی جیادا بەخێرهاتنەوەی بەڕێز جەبار جەلال و هاوڕێکانیان کرد بۆ نێو ریزەکانی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP