بازرگانیی عیراق: بەشی ساڵێک خۆراکی کۆگاکراومان هەیە

ئابوری
15:06 - 2024-10-07


وەزیری بازرگانیی عێراق، رایگەیاند، سەرجەم ماددەکانی سەبەتەی خۆراکی تاوەکو ساڵێک مسۆگەرکراون، هاوڵاتییانی دڵنیاکردەوە لەوەی هیچ مەترسییەک لە ئایندەی خۆراک لە وڵاتدا نییە.
لە یەکەمین دیداری نیشتمانی بۆ کەرتی تایبەت، کە لەبەغداد بەڕێوەچوو، ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، عێراق ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم لەگەڵ 10 بەشەخۆراکی ساڵانە هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتەکەی پلانێکی ستراتیجی سەبارەت بە یاسای ئاسایشی خۆراک داڕشتووە و کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانیی بڕی پێویستیان خۆراکیان بۆ ماوەی ساڵێک تێدایە.
لەبارەی پەسەندکردنی یاسای ئاسایشی خۆراکیشەوە، وەزیری بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "پەسەندکردنی یاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە رەنگدانەوەی زۆری لەسەر دەستەبەرکردنی کۆگاکردنی خۆراک هەبووە".
ئەو وتانەی وەزیری بازرگانیی عێراق لە کاتێکدایە، کە مەترسی هەیە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بگاتە عێراق و گرفت بۆ پێداویستییە خۆراکییەکان درووست بکات.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP