ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا،
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 67 دۆلار و 84
سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی
ئەمریکاش 20 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
کەمبوونەوەی قەبارەی
نەوتی یەدەکی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
نرخەکانی نەوت رۆژی
چوارشەممە بەڕێژەی 1٪ بەرزبوونەوە. راپۆرتی کارگێڕیی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هەفتەی
رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 5.8 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە کە بە
واتای ئەوە دێت خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیادیکردووە.
یوکی تاکاشیما، شرۆڤەکاری
سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نۆمۆرا سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند،
"بازرگانان پێیانوایە کەمبوونەوەی قەبارەی نەوت و سووتەمەنی لە ئەمریکا هێمایەکی
ئاشکرایە لەسەر ئەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاد دەکات."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە،
جگە لەو هۆکارە، "نیگەرانیی بازرگانان لە داهاتووی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل
هەروەها کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت داناوە."
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP