وه‌زیری ناوخۆی عێراق تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی ده‌خاته‌ حاڵه‌تی ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیه‌وه‌

عێراق
16:33 - 2024-06-21

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ڕه‌چاوكردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رماو بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی له‌پارێزگاكان له‌م ڕۆژانه‌دا گرتوویانه‌ته‌به‌ر، عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری  به‌ئاماده‌بوونی بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆو سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌رگری شارستانی له‌پارێزگاكان له‌ڕێگه‌ی به‌شی ئۆنلاینه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا.
عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری وەزیری ناوخۆ رایگه‌یاندووه‌، كاره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ پاڵپشتییه‌كی زۆریان لێده‌كرێت و، ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ی ده‌ركرد كه‌یه‌كێكیان پێكهێنانی هۆشیاری تایبه‌ته‌ به‌كۆكردنه‌وه‌ی تیمی كار له‌هه‌موو پارێزگاكان و، میكانیزمی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرایە له‌ئه‌گه‌ری ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌، پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی گشتی بكرێت بۆ ئاسانكاریكردن له‌تێپه‌ڕبوونی ئۆتۆمبێله‌كانی به‌رگری شارستانی بۆ گه‌یشتن به‌شوێنی هه‌ر ڕووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌.
وه‌زیری ناوخۆ بڕیاریشیدا سه‌رجه‌م تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی بخرێنه‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی (ج) بۆ ماوه‌ی سێ مانگ، لیژنه‌یه‌كیش پێكبهێندرێت بۆ داخستنی سه‌رجه‌م شوێن و پڕۆژه‌ سه‌رپێچیكاره‌كانی به‌غداو پارێزگاكانی دیكه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP