کۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاند: "وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی سێ رۆژی دیکە درێژکرایەوە".
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA نێردراوە، رایگەیاندووە: "لەگەڵ ئەوەی وا بڕیاربوو کۆتایی دەوامی رەسمی ئەمڕۆ دووشەممە 15-7-2024 دوا وادە بێت بۆ وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان بۆ هاوپەیمانێتییەکان، لایەنەکان، کاندیدە تاکەکەسییەکان و کاندیدەکانی ئەو پێکهاتەیەی کە دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بەڵام کۆمسیۆن وادەکەی بۆ کۆتایی دەوامی رۆژی پێنجشەممە 18-7-2024 درێژکردەوە".
لە دوایین ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی هەڵبژاردندا، ئاماژە بەوەدەکات: "لە ماوەی (1/1/2024) بۆ (11/7/2024) زیاتر لە 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون لەکاتی پرۆسەی بایۆمەتری هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردنیان نەکردووە بۆ وەرگرتنی کارتی هەڵبژاردن، لە کاتێکدا پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە لەڕووی گەڕاندنەوەی کارتی بایۆمەتری بۆ هاوڵاتیان."
بەگوێرەی پێنجەمین مەرسومی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 20ـی 10ـی 2024ـی وەک وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP