ناوچە جێناکۆکەکان هەڕەشە لە سەقامگیری 24 دەوڵەت دەکەن

کوردستان
11:13 - 2025-05-09

کشمیر، بووە پریشک و ئاگری لەشەڕی نێوان هندستان و پاکستان دا هەڵگیرساندەوە و هەردوولا چەکی قورس و بۆردومانی فرۆکەیان لە دژی یەکدی بەکارهێنا، هەربۆیە ئەم شەڕە جارێکی دیکە ناوچە جێناکۆکەکانی لەسەرانسەری جیهان خستەوە بەرباس، هەورەها 24 دەوڵەتی دیکەش لە جیهاندا هەن کە  هاونمونەی (کشمیر) کێشەو ناکۆکی قوڵیان هەیە و بۆمبێکی تەوقیتکراوی جەنگیان لەبەردەرگای پەیوەندییەکاندایە و لە هەرساتێکدا ئامادەی تەقینەوەیە.
 
لە بەدواداچونێکی رۆژنامەنوسیدا باس لە گرنگترین ئەو ناوچە جێناکۆکانە دەکەین، کە لە نێوان 24 وڵاتی جیهاندا کێشەی  ناکۆکییان لەسەرە و هەر لایەنە و بە خاکی خۆی دەزانێت، ئەمەش وایکردووە لە هەر ساتێکدا جەنگێکی گەورە بەرپا ببێت.

 هندستان و پاکستان سێجار لەسەر  کشمیر بەشەڕ هاتوون


 هەرێمی کشمیر:
ململانێی نێوان هندستان و پاکستان لەسەر هەرێمی کشمیر ئەوکات دەستیپێکرد، کە هەرێمەکە سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرت، بەڵام دواتر هندستان دوو لەسەر سێی هەرێمەکەی کۆنترۆڵ کرد و پاکستانیش یەک لەسەر سێی کۆنترۆڵ کرد، ئەمەش بووە سەرەتایەک بۆ هەڵگیرسانی جەنگی نێوانیان، کە تاوەکو ئێستا سێجار لەساڵەکانی ( 1947 تا 1949 و 1965 و 1971 ) جەنگیان لەسەر هەرێمەکە بەرپاکردووە، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام ئاڵۆزی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لەو ناوچەیە روودەدات و ناوەناوەش دەگاتە پێکدادان، کە ئێستا جارێکی دیکە لە لێواری جەنگێکی گەورەدان.

 قوبرس لە نێوان تورکیا و یۆنان دابەشکراوە

قوبرس:
ململانێ لەسەر قوبرس ریشەیەکی مێژوویی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ حوکمی بەریتانییەکان لەو ناوچەیە کە لە ساڵی 1878وە تا 1959 فەرمانڕەوایەتیان کردووە،بەڵام بە کۆتایی هاتنی حوکمی بەریتانیا، ئایندەی دوورگەکە بووە شوێنی ناکۆکی نێوان هەردوو پێکهاتە سەرەکیەکەی، قوبرسییەکانی یۆنانی لە ساڵی 1960دا 77%ی دانیشتووانیان پێکهێنابوو، هەروەها قوبرسییەکانی تورک 18%ی دانیشتووانەکەیان پێکدەهێنا، دواتر هەرێمەکە لە نێوان یۆنان و تورکیا دابەشکرا و یونان 63%ی بەدەستەوەیە و فەرمانڕەوایەتی دەکات، تورکیاش 37%ی کۆنترۆڵ کردووە ، چارەسەرکردنی کێشەکەش بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ماوەتەوە.

شارەکانی میلیە و سەبتە:
ئەم شارانە دەکەونە سەر کەنارە ئاوییەکان مەغریب، کە تاکە خاکی ئیسپانیایە لە ئەفریقیا، مەغریب چەندین جار داوای لە ئیسپانیا کردووە دەسەڵاتی لەو شارانە رادەستبکات، بەڵام هەموو کات داواکە رەتکراوەتەوە.

کەنداوی نیومیر:
ناوچەیەکی کەنارئاوی نێوان هندستان و بەنگلادیشە، لە راستیدا کەنارئاوییەکی لمینە و لە ساڵی1970 دەرکەوت و ساڵی 2010 بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دیار نەما، لەو ماوەیەشدا کێشەیەکی بەردەوامی نێوانیان بوو.

جەبەل تاریق:
ناوچەیەکی جێناکۆکی نێوان بەریتانیا و ئیسپانیا و مەغریبە، هۆکاری ناکۆکیان بۆ ستراتیژی شوێنەکە دەگەڕێتەوە، کە بەگەروی دەریاییەوە درێژ دەبێتەوە، هەروەها هەردوو کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقیا لەیەکتر جیا دەکاتەوە، هاوکات لە نێوان دەریای ناوەڕاست و ئەتڵەسیدایە، واتە لەهەمانکاتدا رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەیەکەوە گرێدەدات، سوپای مسوڵمانەکان لە ساڵی 711ی زاینی کۆنترۆڵیان کرد، بەڵام دواتر کەوتە دەست پرتوگالییەکان و ئەوانیش ساڵی 1580 رادەستی ئیسپانیایان کرد، دواتریش ئیسپانیا لە ساڵی 1713 بەپێی رێکەوتنامەی ئۆترەخت بۆ بەریتانیای جێهێشت، بەڵام دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورپا لە ساڵی 2016دا، ئیسپانیا جارێکی دیکە داوای کردەوە، بۆیە ئێستا هەرسێ لایەنی بەریتانی و ئیسپانی و مەغریبی بە خاکی خۆیانی دەزانن.

  لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کێشەی سنوور لە نێوان هەردوو کۆریاکەدا هەیە

کۆریا:
نیمچە دورگەی کۆریا دوای جەنگی جیهانی دووەم دابەش بوو بەسەر کۆریای باکوری سۆشیالیستی و باشوری کۆماری، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی نێوان هەردوو کۆریاکە، ئێستاش هەرچەندە رێکەوتنی ئاگربەست لەنێوانیاندا بوونی هەیە، بەڵام بەردەوام گرژی و ئاڵۆزی لەسەر سنووریان روودەدات.

تایوان:
دوو ناوچە هەیە هەردووکیان ناویان چینە، یەکەمیان چینی شیوعی و کۆمارییە، ئەوی دیکەش کۆماری چینی تایوانە، ئەم ناکۆکیە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سەریهەڵداوە و هێشتا بەردەوامە، کە بووەتە ناکۆکییەکی نێودەوڵەتی و هەمیشە پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزە ، هەردوو لایەن بەردەوام مانۆڕی سەربازی لەسەر سنور ئەنجام دەدەن.

  لە کۆسۆڤۆ شەری تائیفی روویدا

کۆسۆڤۆ:
لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە بەشێک بوو لە سربیا تا ساڵی 2008 سەربەخۆیی وەرگرت و 88 دەوڵەت دانیان پێدا نا، بەڵام پێش سەربەخۆبوونی بەردەوام لە جەنگێکی تایفی و ئاینیدا دەژیان، هەرچەندە لە 90% کۆسۆڤۆ مسوڵمانن، بەڵام سربیا بە ناوچەیەکی پیرۆزی سربیای دەزانێت، ئەمەش وایکردووە مسوڵمانانەکانی کۆمەڵکوژ بکات.

 ئابخازیا و باشوری ئۆستیا:
ئەم دوو ناوچەیە بەردەوام لەگەڵ جۆرجیا لە ناکۆکی و ئاڵۆزیدان و دەیانەوێت سەربەخۆیی وەربگرن.
ئابیی:
سودان بەهۆی ئەو ناوچەیەوە جەنگێکی خوێناوی بەرێکرد، ئێستا باشوری سودان سەربەخۆیە، ئابی ناوچەیەکە کەوتووەتە جەرگەی ناوچەیەکەوە کە جێناکۆکی نێوان باکور و باشوری سودانە.

ناوچە جێناکۆکەکان بەهۆی ریشەی  نەتەوەیی و مێژوویی و ئاینی و ستراتیژی شوێنەکەیانەوە جەنگیان لەسەر دەکرێت، ئەم ناوچانە گرنگترین ئەو شوێنانەن کە لە جیهاندا وڵاتان لەسەری دەجەنگن و بوونەتە ناوچەیەکی جێناکۆک، هەر لایەنە و بە خاکی خۆی دەزانێت، هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکیەکەش بەهۆی لایەنی نەتەوەیی و مێژوویی و ئاینی و ستراتیژی شوێنەکەیەوەیە کە هیچ لایەنێکی بەشدار لە ناکۆکییەکە، ئامادە نیە دەستبەرداری ببێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP