ته‌ندرووستی هەرێم له‌باره‌ی كۆلێراوە هۆشداری ده‌دات

تەندروستی
10:03 - 2024-08-28

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم لەبارەی کۆلێراوە هۆشداریی دەدات و دەڵێت: نەخۆشییەکی سەختی سکچونە و بەهۆی هەوکردنی بەکتریا دروست دەبێت، لە رێگای خواردنی خۆراک یان ئاوی پیسیشەوە بڵاودەبێتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە ئەگەر هه‌ركه‌سێك هەستی بە نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا کرد، باشتره‌ دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بكات.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی کۆلێرا هۆشداری ده‌دات و باسی له‌وه‌كردوه‌، کۆلێرا نەخۆشییەکی سەختی سکچونە، زۆرێک لەو کەسانەی توشی دەبن هیچ نیشانەیەکیان بۆ دەرناکەوێت، بەڵام هەندێکی دیكه‌ توشی سکچونی توند و وشکبونەوەی لەش دەبن، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت کوشندە بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، کۆلێرا چارەسەر دەکرێت و دەستنیشانکردنی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان. هەر هاوڵاتییەک هەستی بە نیشانەکانی کرد، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، چونکە وشکبونی لەش بە خێرایی دەبێتە مەترسی لەسەر ژیان.
تەندرووستی هەرێم روونیکردووەتەوە نیشانەکانی كۆلێرا، سکچوونی ئاوی توند و ڕشانەوە و  گرژبونی ماسولکەکان و  وشکبونەوەی لەشە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP