دژە تیرۆر گورزێكی دیكه‌ی له‌ داعش وه‌شاند

عێراق
12:42 - 2024-10-12


دژە تیرۆری عیراقی رایگه‌یاند، ٣ تیرۆرستی لە سنووری هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و ئەنبار ده‌ستگیركردووه‌ و لەکەرکوکیش ژمارەیەکی زۆر حەشارگەی داعشی خاپوركردووه‌.

دەزگای دژە تیرۆری عیراقی لەراگەیاندراوێکدا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌:" له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری وردی هەواڵگریی، هێزەکانیان چه‌ند ئۆپراسیۆنێكیان بۆ ڕاوەدونان و دەستگیرکردنی تیرۆرستان ئەنجامداوه‌."
 
لەو چوارچێوەیەشدا، بەهاوکاری بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ٢ تیرۆرست لەسنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون .

لە ئۆپراسیۆنێکی دیكه‌شدا لە سنووری پارێزگای ئەنبار، تیرۆرستێکی مەترسیداریان دەستگیركردووه‌ کە سەر بە ویلایەتی باشوری تاقمی داعش بووەو بەشداری چەندین تاوانی تیرۆرستی کردووە.

لەسنوری پارێزگای کەرکوکیش، هێزەکانی دژە تیرۆری عیراق، بە فرۆکە دابەزیونەتە چەند ناوچەیەک کە لەلایەن تیرۆریستانەوە وەک حەشارگە بەکارهێنراون، لانیکەم ١٣ حەشارگەی تیرۆرستانیان خاپوورکردووە، کە چەندین پارچە چەک و تەقەمنی جۆراوجۆری تێدا بووە.
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP