چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پێنجشەممەی داهاتوو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێت

عێراق
10:35 - 2024-10-29

چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق سەرۆکی نوێ هەڵبژێرێت. وتەبێژی هاوپەیمانی نەسریش دەڵێت، سوننەکان لەو بڕیارە ئاگادارکراونەتەوە.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، لە کۆبوونەوەی دوێنێی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بەکۆی دەنگ رێککەوتوون، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران رێکبخرێت و پرسی سەرۆکی ئەنجومەنەکە یەکلاییبکرێتەوە.
ئاشکراشیانکرد، هیچ هەموارکردنێک لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران ناکرێت، ئەوەی روودەدات بە رێکەوتنی نێوان لایەنەکان دەبێت.
هەر لەوبارەیەوە سەلام زوبەیدی وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە پێنجشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێرێت.
لایەنە سوننەکانیش لەو بڕیارە ئاگادار کراونەتەوە و دەزانن پێنجشەممە دوا وادەیە و ئەگەر لەسەر کەسێک رێکنەکەون، بابەتەکە لەناو پەرلەمان بە دەنگدان یەکلادەکرێتەوە.
ماوەی 11 مانگە ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ سەرۆک بەڕێوەدەبرێت و بەهۆی ناکۆکی لایەنە سونییەکان نەتوانراوە کەسێک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکرێت.




بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP