ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگهیاند، ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق و دیاریکردنی نرخی نوێ هەیە، ئەوەش بەبێ گرفت و ناڕەزایی لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران تێــناپەڕێت.
ئاسۆ فەرەیدون ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووه: "عێراق جدییە لە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام پرۆسەکە پێویستیی بە رێكاری زۆر هەیەو دەبێت دانوستان لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیاکانیش بکرێت".
لە ڕۆژی 5ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەندکرد، بەپێی هەموارەکە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجە بڕی 16 دۆلار خەرج دەکات بۆ تێچوی بەرهەمێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم.
بە ڕای چاودێرانیش، حکومەتی عێراق لەکاتێکدا ڕەزامەندیی لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و زیادکردنی نرخی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی دەربڕیوە هەست بە "ئیحراجی" دەکات لەبەردەم ڕای گشتیدا، بەو پێیەی بەبێ بەرامبەر موچە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP