یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژوورێکی عەمەلیات بۆ سەرژمێری دانیشتوان لەکەرکوک پێکدەهێنێت، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش دەڵێت:" بە ئەرکێکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین کە کەرکوکیەکان لە کەشێکی ئارام و ژینگەیەکی لەباردا بەشداری پرۆسەی سەرژمێری بکەن".
پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند:" دوێنێ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی رەفعەت عەبدوڵڵا و ئاسۆ مامەند کۆبوونەوەیەکمان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و سەرجەم پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی کەرکوک ئەنجامدا، کە تێیدا بڕیاردرا چەند ژورێکی عەمەلیات دروستبکرێت و مەیدانییەن کاری تێدا بکەین چ وەک حکومەت چ وەک و یەکێتی، ئێمە بە ئەرکێکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین کە کەرکوکیەکان لە کەشێکی ئارام و ژینگەیەکی لەباردا بەشداری پرۆسەی سەرژمێری بکەن".
وتیشی:"پارێزگاری کەرکوک کە خۆی سەرۆکی لیژنەی سەرژمێرییە لەسەر ئاستی کەرکوک، سەرجەم ئەو رێوشوێنە ئەمنیانەی لەو شوێنانە گرتووەتەبەر، کە دەزانرێت تییدا کێشە بۆ هاووڵاتیان دروست دەبێت،هاوکات بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە کەرکوکییەکان بۆ بەشداریکردن لەپرۆسەی سەرژمێری، ئێستا لۆدێکی زۆر لە بازگەکان دروستبووە و پارێزگار چاودێری راستەوخۆی بازگەکان دەکات".
"خۆشبەختانە هەموو تاکێکی کەرکوک ئامادەی سەرژمێرییە و لە کەرکوک وەک جەژن وایە و هاووڵاتیان چاوەڕێی میوانەکانیان و خۆیان ئامادە دەکەن، هاوکات شوێنیشمان بۆ ئەو خێزانانە دابینکردووە کە دێنەوە بۆ کەرکوک بۆ بەشداری لەسەرژمێری و جێگەیان نیە لێی بمێننەوە" پەروین فاتیح وایوت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وتیشی:"ئەم سەرژمێرییە هیچی کەمتر نییە لەدەنگدان و پێویستە بەتایبەت هاووڵاتیانی ناوچە دابڕێنراوەکان بەگڕوتینەوە بەشداری تێدا بکەن لەپێناو جێبەجێکردنی ماددەی 140 و جارێکی تر کوردبوونی خۆیان بسەلمێنن و مافەکانیان بەدەست بهێنن".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP