لەم یادە مەزن و پیرۆزەدا، سڵاو لە ڕۆحی پاکی ڕابەر و شکۆی نەتەوەکەمان هەڤاڵ مام جەلال.
لە ٢١ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکدا بە شکۆوە یادی ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی دەکەینەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لە سێدارەدانی سێ سەرکردەی قارەمانی یەکێتیەکەمان (شەهابی شێخ نووری و جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب)، ئەم یادە ڕۆژێکی مەزنە لە مێژووی پڕ سەروەریی و خەباتی بەردەوامی حزبی شەهیدان و حزبی ڕووبارێک لە خوێن، کە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ژێر دروشمی ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین لە قۆناغێک دروستبوو کە ئایندە و دوا ڕۆژی گەلەکەی سپێردرابوو بە ڕژێمێکی ستەمکار و تینوو بە خوێنی کورد، بۆیە بەهێز بوونیشی لە ئێستادا گرنگە بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەل و چەسپاندنی دادپەروەریی و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خەڵک لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەی کە لە دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێدراوە.
یەکێتی نیشتیمانی هەر لە شەڕە دەستەویەخەکانی شاخ و هێرشە پارتیزانەکانی ناو شار تا ژووری زیندانییەکانی بەعسی فاشیزم و سەنگەری بەرگری دژ بە تیرۆریستانی داعش خوێنی لە جەستەی چۆڕاوە، لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی و پاراستنی سەقامگیری ئاسایشی کوردستان، بۆیە لەم یادەدا بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە دڵسۆزانە بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان و خوێنی گەش و گیانی پاکی شەهیدەکانمان درێژە پێدەری ئەو ڕێبازە بین، کە هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانمان گیانیان لەپێناو بەخشی.
لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیان و ڕۆحی پاکی شەهیدانی یەکێتیی و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و خاکی پیرۆزی کوردستان دادەنەوێنم، هەمیشە سەربەرز و سەرفراز بن کەسوکار و خانەوادەی شەهیدەکانمان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/١١/٢١
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP